لەوکاتەوەی پارتی و یەکێتی و سەردار و ئاغا و کوێخای هەرێمی کوردستانن ، دۆخی سیاسی و ئابووری نەک چەقبەستووە، بەڵکو وێنایەکی ئێجگار قێزەون و ناشیرینیان نیشانی هەموولایەک داوە.
دەتوانین بڵێین کاستی سیاسی بەچەشنک لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاری و ئەگەر و ڕوودانی کارەسات و زەمینەلەرزەی قورسدایە، بەپێی هەڵسەنگاندن و لۆژێکی زانستی سیاسی و تێگەیشتنی بابەتیانەی فاکتەرە دەرەکی و ناوەکییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەینە ئەو ڕاستیەی ناوچەکە لەئان وساتی پێشهاتی چاوەڕوانکراوی تازەی نادیاردایه.
بڕیاری کشانەوەی هێزی سەربازی و دیبلۆماتکاران و هاوڵاتیانی ئەمریکا و بیانی دەوڵەتانی دیکە لەهەرێمی کوردستان و ناکۆکە لەگەڵ بەرژەوەندی و ئاسایشی قەوارەی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕانی هەڵوێست و ڕەفتارە سیاسیەکانی ئەمریکا و ئێران و عێراقی "عەلی زێدی" و ناوچەکە بەگشتی هێمای ڕوونن کە لەبەردەم تەقینەوەی بوورکاندایەو بەجۆرێک گۆڕانی بنەڕەتی لە نەخشەی سیاسی و ئابووری و جیوپۆلیتکی بەسەر ڕۆڵ و پێگەی دەوڵەتانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستاندا دێتە ئاراوە.
بێگومان ئەوەش لەڕێگەی هەژموونی پڕاکتیزەکردنی ئامرازەکانی هێز و هەڵگیرسانی جەنگێکی ترسناک و یەکلاکەرەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران و تێوەگلانی دەوڵەتانی خەلیج و ناوچەکەیە و ئەمەش لەکاتێکدایە که نزیکەی دوو ساڵ دەبێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، تائێستا دەرگای هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەڕلەمانی کڵۆم دراوە وحکومەتی کاربەڕێکەر هەیە و بەشێکی زۆری لە دامەزراوەی دەستووری و یاساییەکانی هەرێم ئیفلیج بوون و شەرعیەتی یاساییان نەماوە ، بەجۆرێک ئەمە بێ باکی و غەمساردییە وایکردووە کە خەڵکی کوردستان لەوپەڕی نائومێدی و بێ متمانەیدابن.
تادێت قەوارەی هەرێم و ئەزموونی شکستخواردووی هەرێم بەرەو ڕووخان و قڵپبوونەوەی یەکجارەکی نزیک دەبێتەوە، بۆیە پێویستە حیزب و لایەنەکان هەڵوێستەی جددی بکەن و لەبەردەم ڕای گشتی ددان بەحەقیقەتی تاڵی شکست و بە بنبەستگەیشتنی حوکمڕانێتی و پڕۆسەی سیاسی و خراپی گوزەرانی خەڵک و هاوڵاتیانییدا دابنێرێت داوای لێبووردن لەخەڵک بکەن و هەموو ئەوانەشی بەتەنگ چاکەی گشتی و پاراستنی قەوارەی هەرێم و ڕزگارکردنی خەڵکن لە نەهامەتی و ئازار و خراپی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان ڕۆڵی خۆیان ببینن ، کەچی ئەوەی جێگەی سەرەنج و سەرسوڕمانە هەندێک بەناو سیاسی و سەرۆک حزب خەریکی وڕێنەی سیاسی و خەیاڵپلاوین لەبری هەڵوێستەی جددی بکەن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ ڕوودان و پێشهاتە مەترسیدار و ئاڵنگارییەکانی سەر قەوارەی هەرێم و بیر لە چارەسەکردنی قەیران و بارگرانی هەڵئاوسانی نرخی کاڵا و پێداویستیەکانی هاوڵاتیان و نەبوونی موچە و سوتەمەنی و ئاو بکەنەوە کەچی لەوڕێنە ناکەون دەڵێن "خراپترین حوکمڕانی هەرێمی کوردستانمان لەباشترین حوکمڕانێتی جیهان پێ باشترە.!!!".
بەدڕێژایی 34 ساڵ لە دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانێتی لەهەرێمی کوردستاندا بەپێی کەتواری سیاسی و دۆخی ئابووری و قەیرانگەلی بێ ڕوئیا و بیرکردنەوە لە چارسەرکردن و تێپەراندنی کەتواری نەخوازرادا کاستی سیاسی لە هەڵگرتنی گیانی بەرپرسیارێتی لەهەمبەر دۆخەی مەترسیداری هەرێمدا بێ باکن و لەکەوتنی تەواوەتی قەوارەکە و ئاشبەتاڵ نزیکتر دەبینەوە و خەون و ئامانجی کورد لەباشوور دەبێتە سەراب..
دواجار ئەوەی ماوە بڵێین تاکە چارەسەر دەستەبەری کۆدەنگی نیشتیمانی و بەستنی کۆنگرەیەکی فراوانی هێز و لایەنە سیاسیەکان بە کۆی هێزە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن و دەستەبژێری سیاسی و ڕووناکبیر و ئەکادیمستەکان تا لانی کەم چارسەر بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە و لەبەدەم ویژدانی زیندووی میللەتدا ددان بە شکست و بنبەستی حوکمڕانێتی بنێن و لەڕوانگەی چاکەی گشتی و حوکمڕانێتی دروست کە پێشتبەستوو بێت بونیادی فەلسەفەی سیاسی نوێ . ئەمە هەنگاو و جۆرە سیاسەتە دەتوانێت لەمەترسی و هەڕەشە و ئاڵنگاری تێپەڕێنرێت و لانی کەم هەرێم و قەوارەکە لەو پێشهات و باهۆزی سیاسی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بێ زیان و پارێزراو بێت..
101 جار خوێندراوەتەوە