لەیادی دامەزراندنی دەنگی گۆڕاندا

 ڕادیۆی دەنگی گۆڕان لەمێژوی ڕۆژنامەگەری و میدیای بیستراودا لە20-4-2009  وەک میدیایەکی دەنگ زوڵاڵ  و ڕەسەن و بوێر و حەقبێژ  لەدایک بوو.

بێگومان  بیرۆکەی دامەزراندنی دەنگی  گۆڕان  سەرەتا  لەلایەن  هەردوو سەرکردەی ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا و قادری حاجی عەلی) بوو، کە بەرێز( عادل عزیز) وەک باشترین میدیاکار و بێژەری دیاری کوردستان ڕاسپێردرا، تاوەکو  ئەو بەرپرسیارییەتیی لەئەستۆ بگرێت، چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی دەستبەهەنگاوەکانی ئیشوکارەکانی دامەزراندنی ڕادیۆکە بکرێت لەگردی زەرگەتە لەگەڵ کاک عادل عەزیز  گفتوگۆیەکی کورتمان کرد بەرنامەی خۆی پێیوتم وتی: بەنیازین میدیایەکی بیستراو دامەزرێنین، بەندەش دەمودەست هەڵوێستی پشتیوانیمان بۆ دامەزراندنی ڕادیۆکە دەربڕی دوای هەفتەیەک کاک عادل عەزیز پەیوەندی پێوە کردم و داوای لێکردم لەمەکۆی سەرەکی گۆڕان سەردانی بکەم.

 

تاکو ئەو پلان و ڕێوشوێنەی بۆ دامەزراندنی ڕادیۆکە دیاریکراوە هەنگاوی کرداری بنێن، ئەوە بوو سەرپەرشتی و ڕێکخستنی بەشی بەرنامەکانی ڕادیۆ بەبەندە سپێدرا، دەستمانکرد بەجێبەجێکردنی پلانەکە، پەیوەندیمان بە کومەڵێک ڕۆژنامەنوس و میدیاکارەوە کرد، ئەوانیش ئامادەییان نیشاندا، هەریەکەیان بونە ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەیەک.

بێگومان  ڕادێوی گۆڕان  لەماوەیەکی ئێجگار کورتدا لەبەشی هەرە زۆری ماڵ و شەقام و کاسبکار و بازاڕە و شۆفێران گوێبیستی بەرنامە و هەوڵەکانی بوون، بەجۆرێک لەو سەردەمدا دەنگی گوڕان وەک میدیای بیستراو یەکەمی بێ ڕکابەربو، چونکە لە هەمو سەرەسەعاتێک بەباشترین شێوە زانیاری و هەواڵی نوێ دەگەێنرایە بیسەرەکانی، هەروەها زۆرترین ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕۆژنامەنوس و سیاسی بەچەپ،و ڕاست و ئیسلامییەوە  لەبەرنامەکانی ڕادیۆکەدا دیداریان لەگەڵ سازدەدرا و بێ هیچ سانسۆرێک و  ئازادانە گوزراشتیان لەبیرو بۆچونەکانی خۆیان دەکرد.

 

 لەماوەی 16 ساڵەی تەمەنی پەخشی دەنگی گۆڕاندا سەرەڕای ئەوەی ڕادیۆکە بەکۆمەڵێک کێشە، قەیران، هەڵبەز و دابەزی دارایی و سیاسیدا ڕۆیشتوە، بەڵام هێشتا دەنگی گۆڕان خاوەنی دەنگ و سەدایی خۆیەتی لەوتنی ڕاستیەکان و گەیاندنی هەوڵ و زانیارییەکانی پاشەکەشەی نەکردوە و پابەند بە ئیتکی ڕۆژنامەگەری و  لەکاروانەکە بەردەوامە.. هیوادارین لەساڵیادی دەسپێکی پەخشی ڕادیۆکەدا پێداچونەوەیەکی هەمەلایەن بکەین و ئەو کەموکوڕیانەی یەخەی  دامەزراوەکەی گرتوە بوێرانە ڕووبەڕووی ببێتەوە ، تاوەکو بۆ هەمیشە دەنگی  گۆڕان وەک مینبەرێکی بوێر و حەقبێژ بەردەوام بێت.

143 جار خوێندراوەتەوە