یەکدەنگی لە دەرەوە - ڕاشکاوی لە ناوخۆ
کەرکووک، وێستگەی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی بزوتنەوەی گۆڕان
هاوڕێیان، دڵسۆزان، گۆڕانخوازانی ڕەسەن
ئەمڕۆ لە بەردەم وێستگەیەکی مێژوویی دەستپێدەکەین.
نەک تەنها کۆنفرانسێک، نەک تەنها کۆبوونەوەیەک
بەڵکو وێستگەیەکی ڕاستکردنەوە، وێستگەیەکی بڕیاردان، وێستگەیەکی نوێبوونەوە.
بانگەوازی هەستانەوە دەکەین.
بانگەوازی گەڕانەوە بۆ ڕاستی.
بانگەوازی پاراستنی شکۆی بزوتنەوەی گۆڕان.
بۆچی کەرکووک
چونکە کەرکووک تەنها شارێکی کوردی نییە.
کەرکووک ناسنامەی خەباتە.
کەرکووک مەیدانی تاقیکردنەوەی وەفادارییە.
لە ١٦ی شوباتدا، ئەم شارە دەبێتە وێستگەیەکی نوێ بۆ بزوتنەوەی گۆڕان
لێرەوە دەمانەوێت پەیامێکی ڕوون بگەیەنین
گۆڕان نەک هەر ماوە، بەڵکو بەهێزتر بەیەکگرتووی دەگەڕێتەوە بۆ شاڕێگەی خۆی.
هاوڕێیان،
ئەگەر برین هەیە، دەبێت دەستنیشانی بکەین.
ئەگەر هەڵە هەیە، دەبێت بە ئازایەتی باسی بکەین و چارەسەری بکەین
ئەگەر لاوازی هەیە، دەبێت بە شەفافی چارەسەری بکەین.
لە ژوورەکانی کۆنفرانس، پێویستە ڕاستگۆترین خەڵکی ئەم خاکە بین.
ڕەخنە بگرین، بەڵام بۆ چاکسازی
ململانێ بکەین، بەڵام بۆ ڕێکخستنەوە
بڕیار بدەین، بەڵام بۆ گەشەکردن.
کاتێک دەچینە دەرەوەی هۆلی کۆنفرانس
دەبێت وەک یەک هێز، یەک دەست، یەک دەنگ دەرکەوین.
سۆشیاڵ میدیا نەبێتە مەیدانی شکاندنی یەکتر.
ببێتە سەنگەری بەرگری.
ببێتە دەنگی هیوا.
ببێتە پەیامی یەکدەستی.
هێڵی سوورمان با ئەوەبێت
لە دەرەوە جیاوازی نیشان نەدەین
لە ناوخۆ بەڕاستگۆیی بدوێین.
گەڕانەوە بۆ بنەمای ڕەسەن
ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ ڕێگایەک کە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا نەخشەی کێشاوە
ڕێگای دەنگی کپکراوان.
ڕێگای دادپەروەری.
ڕێگای ئەو سیستەمەی کە کەس لە سەرووی یاسا نەبێت.
گۆڕان نابێت مڵکایەتی کەسێک بێت
گۆڕان موڵکی گۆڕان خوازانە
هەموومان، بەبێ جیاوازی، دەبێت واژۆ لەسەر پابەندی بێمەرج بە بڕیارەکانی کۆنفرانس بکەین.
هەر ئەوەی زۆرایەتی بڕیار بدات، هەموومان پابەند بین.
ڕێز لە کەمایەتی بگیرێت، بەڵام بڕیار یەک بێت.
ئەگەر یەکدەست نەبین،
ناتوانین گەردەلوولی سیاسیی ناوچەکە تێپەڕێنین.
ئەگەر یەکدەست بین،
هیچ هێزێک ناتوانێت ئێمە بشکێنێت.
نەیاران بزانن
هەوڵەکانتان بۆ لاوازکردنی گۆڕان تێکدەشکێنین. گۆڕان بە هیمەتی گۆڕانخوازە ڕاستەقینەکان دەچێتە قۆناغێکی نوێوە کە تێیدا تەنها بەرژەوەندی خەڵک و خاکی کوردستان لەسەرووی هەموو شتێکەوە دەبێت.
ئێمە دەچینە قۆناغێکی نوێ.
قۆناغێک کە تێیدا تەنها بەرژەوەندی خەڵک و خاکی کوردستان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە.
هاوڕێیان…
لە ١٦ی شوباتدا، لە کەرکووک،
با بە مۆڕاڵێکی بەرز، بە ویستی ئازاد و بە گیانێکی شۆڕشگێڕانە،
لاپەڕەیەکی نوێ بۆ گۆڕان هەڵبدەینەوە.
با لە کەرکووکەوە، ئومێد بگەڕێنینەوە.
با بیسەلمێنین کە گۆڕان بەردەوامە.
با بیسەلمێنین کە گۆڕان دەبێتەوە دەنگی ڕاستی
87 جار خوێندراوەتەوە