لە باڵەخانەکانی شێخ مەقسودەوە بۆ نەمری؛ چیرۆکی ئەو کچەی نەیویست جەستەی ببێتە غەنیمەی داگیرکەر

لە باڵەخانەکانی شێخ مەقسودەوە بۆ نەمری؛ چیرۆکی ئەو کچەی نەیویست جەستەی ببێتە غەنیمەی داگیرکەر
لەو کاتەی شەو باڵی ڕەشی بەسەر کوڵانەکانی شێخ مەقسوددا کێشابوو، کاتێک بۆنی باروود و گەمارۆ لەگەڵ هەناسەی منداڵەکان تێکەڵ ببوو، کچێک لەسەر لوتکەی باڵەخانەیەک وەستابوو، نەک بۆ ئەوەی سەیری ئەستێرەکان بکات، بەڵکو بۆ ئەوەی ببێتە پاسەوانی شکۆی نەتەوەیەک.
دەنیز، ئەو ناوەی کە وەک دەریا قووڵ و وەک گەردەلوول بەهێز بوو، کاتێک فیشەکەکانی یەک بە یەک بوونە هەورەبروسکە و بەسەر سەری تیرۆردا بارین، گەیشتە چرکەساتی بڕیار. ئەو ساتەی کە تەنیا یەک فیشەک لە نێوان "سەربەستی" و "دیلی"دا مابوو. ئەو باش دەیزانی چنگە خوێناوییەکانی میلیشیاکانی ئەحمەد شەرع چەند تینووی جەستەی ژنێکی ئازادن. ئەو دەیزانی "شەرع" لای ئەوان تەنیا خەنجەرێکە بۆ بڕینی ملی جوانی.
دڕندەییەک لەژێر پەردەی پشتیوانیدا
کاتێک تیرۆریستان، تینوو بە خوێن و شکستخواردوو لە ئاست ئیرادەی ئەو کچە، تەرمە بێگیانەکەیان لە باڵەخانەکەوە فڕێدایە خوارەوە، تەنیا جەستەیەکیان فڕێ نەدا؛ بەڵکو ویژدانی مرۆڤایەتییان لە بەرزاییەوە خستە ناو قوڕاوی شەرمەزاری. ئەوانەی بە پشتیوانی و چاوساغی دەوڵەتی تورکیا و بە چەکی داگیرکەری هاتبوون تا ڕەنگی ڕەشی خۆیان بەسەر ڕۆژئاوادا بپۆشن، نەیانزانی کە خوێنی دەنیزەکان دەبێتە سووتەمەنی بۆ چراکانی ئازادی.
بێدەنگییەکی شەرمەزارکەر
لێرەدا پرسیارێک وەک خەنجەر لە قوڕگی مرۆڤایەتی دەگیرێت: ئەمریکا و ئیسرائیل و زلهێزەکان لە کوێ بوون؟ ئەو جیهانەی باس لە مافی ژن و دیموکراسی دەکات، بۆچی لە ئاست ئەم هەموو دڕندەییەی بەرامبەر بە گەلی کورد بێدەنگە؟
•  واشنتۆن تەنیا سەیری بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دەکات.
•  تێل ئەڤیڤ لە بێدەنگییەکی تەمومژاویدا تەنیا بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی دەژمێرێت. لە کاتێکدا کچانی ئێمە لە گەمارۆی "شەرع" و چەکەکانی تورکیادا، بە تەنیا بەرگری لە بەها مرۆییەکان دەکەن.
ڕەوایەتی دۆزێک لە خوێندا
دۆزی کورد لە ڕۆژئاوا، دۆزی تەنیا خاک نییە؛ دۆزی مانەوەی مرۆڤە لە بەرامبەر وەحشیەت. کاتێک دەنیز کۆتا فیشەک دەنێت بە سەری خۆیەوە، خەریکە مێژوویەکی نوێ دەنووسێتەوە؛ مێژوویەک کە دەڵێت:
"ئێمە دەمرین، بەڵام ناکەوینە ژێر پێی ئەوانەی پیرۆزییەکانیان کردووە بە پاساو بۆ تیرۆر و تاریکی."
ئەمڕۆ شێخ مەقسود تەنیا گەڕەکێک نییە، بەڵکو قەڵایەکە کە دیوارەکانی بە ڕۆحی دەنیز و هاوڕێکانی نەخشێنراوە. تیرۆریستان با تەرمەکان فڕێ بدەن، بەڵام ناتوانن ئەو ئاسمانە داگیر بکەن کە دەنیز تێیدا بووە بە هەڵۆ و ڕێگەی نەکێڵدراوی ئازادی نیشانی هەمووان دا.

680 جار خوێندراوەتەوە