لە سۆشیال میدیاوە بۆ ناو هۆڵی کۆنفرانس؛ کاتی بڕیارە نەک لۆمە

لە سۆشیال میدیاوە بۆ ناو هۆڵی کۆنفرانس؛ کاتی بڕیارە نەک لۆمە
هاوڕێ و هەڵسوڕاوانی دەستەی گشتی.. پاسەوانانی پڕۆژەی گۆڕانکاری..

ئەمڕۆ کە بزوتنەوەکەمان بەرەو وێستگەی کۆنفرانسی کەرکوک هەنگاو دەنێت، کاتی ئەوە هاتووە گەورەیی خۆمان و مێژووەکەمان بسەلمێنین. هەموو دەزانین لە ماوەی ڕابردوودا جیاوازیی بیروڕا و ڕەخنەی توند هەبووە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە ململانێ و ڕەخنەکانمان لە شاشەی سۆشیال میدیاوە بگوازینەوە بۆ ناو هۆڵی کۆنفرانس.

سۆشیال میدیا شوێنی یەکلاکردنەوەی کێشە ڕێکخراوەییەکان نییە، بەڵکو هۆڵی کۆنفرانس و ڕووبەڕوو دانیشتن ئەو شوێنەیە کە دەتوانین تێیدا داهاتوو بنەخشێنین. با ئەم چەند خاڵە بکەینە بنەمای کارکردنمان:

•  جیاوازی لە بیروڕا، یەکبوون لە ئامانج: با بۆچوونەکانمان جیاواز بێت، با ڕەخنەکانمان توند بێت، بەڵام پێویستە ڕێزی یەکتری بگرین. مۆڕاڵی سیاسیی گۆڕان فێری کردووین کە جیاوازی مانای دوژمنایەتی نییە، بەڵکو مانای دەوڵەمەندیی فیکرییە.
•  وەفاداری بۆ ١٥ ساڵ تێکۆشان: لەم کۆنفرانسەدا، پێویستە پابەندی پڕەنسیپە ئەخلاقی و سیاسییەکان بین، تەنها لەبەر ڕێزگرتن لە ماندووبوونی هەزاران خۆبەخش و هەڵسوڕاو کە لە ١٧ ساڵی ڕابردوودا بەبێ بەرانبەر و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە تەمەنی خۆیان لەم ڕێگەیەدا دانا. بۆ خاتری خوێنی شەهیدان و ڕەنجی دڵسۆزان، با ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەین.
•  کەرکوک؛ مەیدانی مەردایەتی: با لەوێ بسەلمێنین کە ئێمە لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەداین. با لە ناو هۆڵەکەدا بە ئارگومێنت ململانێ بکەین، بەڵام کاتێک دەچینە دەرەوە، وەک یەک تیپ و یەک دەست بۆ خزمەتی خەڵک دەربکەوین.
•  ناکۆکییەکان لە هۆڵەکەدا یەکلا دەکەینەوە: با هەموو بیروڕا جیاوازەکان، ڕەخنەکان و گڵەییەکان لەناو هۆڵی کۆنفرانسدا بن. هیچ عەیب نییە بیروڕامان جیاواز بێت، بەڵکو عەیب ئەوەیە لە دوورەوە تەماشاچی بین و بوار بدەین پڕۆژەکەمان لەدەست بچێت.
•  پەیڕەوکردنی زمانی دیموکراسی: با لەناو هۆڵی کۆنفرانسدا بەوپەڕی ڕێزەوە ململانێی بیروڕاکان بکەین. مەرجی سەرکەوتنی ئێمە ئەوەیە کە "ڕێز لە کەمایەتی و زۆرایەتی بگرین"؛ زۆرایەتی بڕیار بدات و کەمایەتیش ڕێزی لێبگیرێت و پێکەوە پابەندی یەک بڕیار و یەک ئامانج بین.
•  یەکدەستی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی: ئێستا کاتی ئەوەیە بەرژەوەندییە بچووکەکان و ڕق و کینەکان وەلا بنێین. دڵسۆزانی گۆڕان چاویان لەوەیە کە ئێمە بە یەکدەستی و بە یەک پاکێجی نیشتمانییەوە لە کۆنفرانس بێینە دەرەوە.
•  
 . بۆ هەموو ئەو هەڵسوڕاوانەی ناویان لە لیستی شەرەفی بەشداربوانی کۆنفرانسدایە. بۆ دڵسۆزان و خەمخۆرانی ڕێگەی گۆڕانکاری، هاوڕێیان،  داوا لە هەمووتان دەکەم، وەک وەفایەک بۆ ئەو مێژووە پڕ سەروەرییەی گۆڕان، بەشدار بن. با ڕێزگرتن لە کەمایەتی و زۆرایەتی بکەینە ناسنامەی کۆنفرانسەکەمان. ئەگەر پێکەوە نەبین، ناتوانین ئەو گەردەلوولە سیاسییەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە تێپەڕێنین.

با لە ١٦ی شوباتدا، لە کەرکوک، بە مۆڕاڵێکی بەرزی سیاسییەوە لاپەڕەیەکی نوێ بۆ گۆڕان هەڵبدەینەوە.
با پێکەوە، لە کەرکوکەوە، ئومێد بۆ ماڵی گۆڕان و بۆ هەموو کوردستان بگەڕێنینەوە.

132 جار خوێندراوەتەوە