ئاشکرایە کە مێژوی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد
پڕاوپڕە لە دەلاقە و دابەشبون و دوبەرەکی، ھەر لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی ئاینی ئیسلامدا،
بە پەرت پەرتی خاوەنی چەند دەوڵەتۆکەیەکی نیمچە سەربەخۆبون لە رۆژھەڵاتەوە لە دەوڵەتی
137 ساڵەی (شەدادی) یەوە بگرە بۆ باشور و دەوڵەتی (حەسنەوی) و پاشان بەرەو باکور و
دەوڵەتی (مەروانی) .
گەر لاپەڕەکانی مێژوی فەرمانڕەوایی میرنشینە
کوردیەکان ھەڵبەینەوە، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆریەتی (سەفەوی و عوسمانی)،
کورد خاوەنی قەوارەی نیمچە سەربەخۆ و چەند ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەری بون، میرنشینی بەھێز
و بەتەمەنی لە وێنەی میرنشینی (ئەردەڵان) ھەبوە کە تەمەن و ھێزێکی درێژ و زۆری ھەبوە
بە شێوەیەک تەمەنی نزیکی (٧٠٠) ساڵ و سنوری فەرمانڕەوایەتیەکەی گەیشتوەتە نزیکی
شاری بەغدا.
لاپەڕەکان زیاتر ھەڵدەدەینەوە و گوزەر بەناو میرنشینەکانی
بادینان-ی بەتەمەن، میرنشینی سۆران-ی خاوەن کارخانەی چەک، میرنشینی بابان-ی چاوگی
بوژانەوە و پەرەسەندنی زمان و ئەدەبی کوردی، میرنشینی ھەکاریی داگیر نەکراو، میرنشینی
بۆتان-ی خاوەن (مەم و زین) و سەرچاوەی زانیاری و روناکبیریدا بکەین، دەبینین ھەمو
لە یەک خەسڵەتدا لەیەکچون ئەویش دوبەرەکی و خۆخۆرییە. !
لاپەڕەکان لە مێژوی نزیکی شۆڕشە رزگاریخوازەکانی
کورد نزیک دەبێتەوە و چاومان ئەچێتە سەر شۆڕشەکانی (شێخ عوبەیدوڵای نەھری، سمکۆ
خانی شکاک، شێخ سەعیدی پیران، حەمە رەشید خانی بانە و شێخ مەحمودی حەفید)، خاڵی کۆکەرەوە
و توانەوەی زۆریان بریتییە لە ھانابردن بۆ دەوڵەتی بێگانە و دژایەتی و پشت تێکردن
و خیانەتی ھەندێ لە ھۆزە کوردیەکان. !
کۆتایی لاپەڕەکان دێنە سەر شۆڕشەکانی ئەم دواییەی
کورد، بەتایبەتی شۆڕشی (ئەیلول و نوێ)ـی کۆمەڵانی خەڵکی باشوری کوردستان، سەرەڕای
دوبەرەکی و شەڕی برا کوژی (شاخ و شار) و پاشانیش دو ئیدارەیی و پاشتر حکومەتی یەکگرتوی
ھەرێمی کوردستان، ئێستاشی لەگەڵابێت ھاوڵاتیان لە مۆتەکەی دو ئیدارەیی و جارێکی تر
دابەشبونی تاکە قەوارەی کوردیدا ژیان ئەگوزەرێنن. !
ئەمڕۆ هاوڕێکەوتە لەگەڵ خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژوی
رزگاریخوازی گەلی کورددا، ئەویش بەرپابونی شۆڕشێکی سپی ئاشتیخوازانە بو لە باشوری
کوردستان، شۆڕشێک کە بەرمەبنای بڕیارێکی راست و بوێرانە و دروستکردنی یەکەمین ھێزی
بێچەک و ئۆپۆزسیۆنی کوردی بو، ھێزێک کە ھێڵە گشتییەکانی ھێزێکی نیشتیمانی بەرجەستە
کردو و بوە سەرمەشقی بە ئاگا ھێنانەوە و ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگای باشوری کوردستان،
ھێزێک جیاواز لە بیرکردنەوە، جیاواز لە بڕیاردان و جیاواز لە جێبەجێکردندا، جیاواز
لە نیشتیمانبینی و دونیابینی و بەڕێوەبردندا لە ھێزە تەقلیدیەکانی کایەی سیاسی ھەرێمی
کوردستان، ئەو ھێزە جیاواز و بوێرە بزوتنەوەی گۆڕان بو .
دونیابینی نیشتیمانیانەی ئەم بزوتنەوەیە ھەرێمی
کوردستانی چەندین جار لە ھەڕەشەی دروستبونی شەڕی ناوخۆ پاراستوە، ھەر لە سەرەتای
دروستبونییەوە بانگەشەی ئاشتیانە و دور لە توندوتیژی جیاوازی (ئێمە و ئەوان) بوە،
سیاسەتەکانی لە ھەمبەر بە نیشتیمانیکردنی دەسەڵاتەکانی (ناوخۆ، پەیوەندی دەرەوە، پێشمەرگە،
دارایی،سامانی سروشتی) شایانی تێڕامانی نەوەکانی داھاتو و شانازی پێوەکردنن .
تەنھا ھێزی ھەرێمی کوردستان کە دوای چەندین جار
بارەگا سوتاندن، گرتن، لێدان، سزادان و نانبڕینی ھەڵسوڕاوەکانی، ئێستاشی لەگەڵدابێ
ئامادەی دروستکردنی ھێزی چەکداری حیزبی نەبو. !
تاکە ھێزی باشوری کوردستانە ویستویەتی و دەیەوێ
پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە پەیوەندی نیشتیمانی بن، سەرەڕای فشاری دەوڵەتە
ئیقلیمیەکان، دەستبەرداری پرەنسیپی نیشتیمانیانەی نەبوە و نەیویستوە وەکو حزب نوێنەرایەتی
لە ھیچ وڵاتێکی دراوسێ و ئیقلیمی ھەبێ، باجی دروستنەکردنی ئەم پەیوەندیانەشی داوە.
تاکە ھێزی باشوری کوردستانە کە لە ھەناوی ھێزێکی
تری سیاسیدا ھاتبێتە دەرەوە و نەیھێشتبێت و نەیویستبێت بە هزری تۆڵەکردنەوە کار
بکات و پێکدادانی چەکداری روبدات.
لە ساڵوەگەڕی بەیانکردنی لیستی گۆڕاندا، سەری رێز
بۆ مامۆستای رێگای چاکسازی و ئەندازیاری راپەڕین و بنیاتنەری بیرۆکەی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە
و نیشتیمانیانە (نەوشیروان مستەفا) و هاوڕێکانی دادەنەوێنم، وەک چۆن ئەو جوامێرە و
هاوڕێکانی دوای کارەساتی هەکاری بە 42 پێشمەرگەی (چەکدار و بێچەک) لە بناری قەندیلەوە
سکشتیان بە سەرکەوتن گۆڕی و تاجی سەرکەوتنەکانی راپەڕینیان نایە تەوێڵی کەرکوکی
کوردستان، وەک چۆن دوای شاڵاوەکانی ئەنفال و بێئومێدی هەمو هێزە سیاسییەکان بە ئومێدێکی
زۆرەوە بونە داینەمۆی دروستکردنی بەرەی کوردستانی، وەک چۆن دوای بێئومێدی کۆمەڵانی
خەڵک لە دەسەڵات، ئومێدیان بۆ هاوڵاتییانی باشوری کوردستان گێڕایەوە و گڕ و تین و
متمانەیان بۆ پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن لەم بەشەی کوردستاندا گێڕایەوە، ئێستا و لە
کاتێکا کە هەرێمی کوردستان پێویستیەکی زۆری بە هێزێکی نیشتیمانیانەی لە وێنەی
بزوتنەوی گۆڕان هەیە، ئەبینین پەیتا پەیتا (دۆست و دوژمن) درک بە پێویستی سەرخۆکەوتنەوەی
بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن، فەرمون هەمو ببنە نەوشیروان مستەفا و متمانە بە دوا پڕۆژەی
سیاسی ئەو جوامێرە ببەخشنەوە، لەم رێیەوە متمانە بە دڵ و دەرونی کۆمەڵانی خەڵک ببەخشنەوە،
ببنە فریادڕەسی میللەتێک. !
83 جار خوێندراوەتەوە