چیای زینی وەرتێ کە ئەکەوێتە شارۆچکەی وەرتێی سەر بە پارێزگای ھەولێر، بەھۆی
ھەڵکەوتە جوگرافیەکەی و کەش و ھەوا فێنک و سەرنج ڕاکێشەکەی، یەکێکە لە ناوچە گەشتیاریەکانی
ھەرێمی کوردستان.
ئەم بەھارە، سەرەڕای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە گەشتیارانی لەم ناوچە دڵگیرە
بێبەش کرد، یەک دوو جموجۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەش گرژی و ئاڵۆزییەکی سیاسیی و سەربازی
هێنایە کایەوە و ناوچەکە بووە جێی ململانێی و لەبەرامبەر یەکوەستانی سێ پارتی گەورەی
کوردی و دواتریش بۆردومانی دەوڵەتی تورکیا.
* لەلایەک ھێزەکانی (پارتی کرێکارانی کوردستان) کە ئەو شوێنە بە گەروی
ھاتن و چون و بە شوێنێکی ستراتیژی ئەزانن بۆ ھێزەکانیان.
* لەلایەک ھێزەکانی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) کە خۆیان لە ھێزەکانی
(٧٠) دەبیننەوە، ئەم شوێنە بە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆیان ئەزانن و بە پاشماوەی کاڵبوەوەی
زۆنی سەوز و میراتگری ڕێکەوتننامەی واشنتۆنی ساڵی (١٩٩٨).
* لەلایەکی ترەوە ھێزەکانی (وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێم)، ھەروەک
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکەدا ھاتوە!
ئەوەی جێگای تێڕامانە، ھەردو لایەنی یەکێتی و پارتی کرێکاران ئەم ھێزە بە ھێزی
(پارتی دیموکراتی کوردستان) ئەزانن، ئەمە لە کاتێکدایە وەزیری پێشمەرگە یەکێکە لە
سەرکردە و پێشمەرگەیەکی دێرین و بە ئەزمونی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان)!
کەچی یەکێتی دڕدۆنگە لە ناوھێنانی ئەم ھێزە بە ھێزی وەزارەتی پێشمەرگە و پێی
وایە ھێزی (پارتی دیموکراتی کوردستان)ن و (١٥) کیلۆمەتر سنوری زۆنی سەوزی جارانیان
بەزاندوە.
* لەلایەکی ترەوە ھێزە ئاسمانیەکانی تورکیا لە ئاسمانەوە بەردەوامن
لەسەر بۆردومانی بنکەکانی ھێزەکانی (پارتی کرێکارانی کوردستان) لە کاتێکدا بنکەکانی
ھێزەکانی (یەکێتی) و (پارتی) و (پ ک ک) بە چەند دە مەترێک لە یەکترەوە دورن!
ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە ھەردو لایەنی یەکێتی و پارتی، دو پێکھێنەری سەرەکی
حکومەتی ھەرێمی کوردستانن! لە ناو حکومەت پێکەوەن و لە دەرەوەی حکومەت سەنگەریان لە
یەکتر گرتوە!
تەنھا لایەن کە بە تێڕوانینێکی نیشتیمانیانە و دەوڵەتداریانە داوای چارەسەرکردنی
کێشەکەو ئاساییکردنەوەی دۆخەکە ئەکات (بزوتنەوەی گۆڕانە)، ھەر ئەم بزوتنەوەیەیە لە
سەرەتای دامەزراندنیەوە لەژێر کاریگەری دامەزرێنەر و ڕابەرە رۆحیەکەی ڕەوانشاد (نەوشیروان
مستەفا)دا داوای یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی ھەیکەلی ئیداری و تەنزیمیەکەی
ئەکات، بەشێوەیەک بکرێت بە ھێزێکی نیزامی نیشتیمانی ئەوتۆ کە لە ژێر ھەژمون و دەستی
حزب دەربھێنرێت و ببێت بە ھێزی بەرگریکاری نیشتیمانی!
ئەمە یەکەمین جار نیە لەو تەنگ و چەڵەمە سیاسیانەی لە ناو ھێزە سیاسیەکانی
باشوری کوردستاندا دروست ئەبن، کە بچوکترین ھەڵە لەژێر ھەڕەشە و بەرەو لەباربردنی
کۆی ئەزمونەکەو گێڕانەوەی سەردەمی دو ئیدارەیی ڕاپێچمان ئەکات، بزوتنەوەی گۆڕان رۆڵی
بەرپرسیارانەی خۆی دەگێڕێت و نیشتمان لە مەترسیەکان دەپارێزیت، هەربۆیە بە ڕونی دەرئەکەوێت
"گۆڕان" زەمانی پاراستن و لەبارنەبردن و بە یەکگرتویی مانەوەی کیانی ھەرێمی
کوردستانە!
2234 جار خوێندراوەتەوە