دوانزە ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا،
کۆمەڵێک مرۆڤی چاوکراوە بە واقعی سەپێنراوی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، بەڕابەرایەتی
(نەوشیروان مستەفا) و بە هەوڵ و هیممەتی کۆمەڵێک لە پێشمەرگە و فەرماندە و لێپرسراوی
لەخۆبوردو و خۆنەویست، بە پشتگیریەکی بێوێنەی زۆربەی چین و توێژەکانی هاوڵاتیان و
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ویستی خۆیان نیشاندا بۆ دروستکردنی جوڵانەوەیەکی سیاسی لە(28/4/2009)،
پاشان بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە (25/7/2009)، دواتریش
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (7/3/2010).
دامەزراندنی ئەم جوڵانەوە جەماوەریە لەکاتێکدابو
کە هەلومەرجێکی دژوار باڵی بەسەر هەرێمی کوردستاندا کێشابو، هاوڵاتیان لە بێدادی و
ناعەدالەتی و ناسەقامگیریەکی نیمچەییدا ئەیناڵاند، بێ ئومێدیەکی قوڵ باڵی بەسەر ژینگەی
سیاسی و ئابوری و تەناهی ئەم هەرێمەی باشوری کوردستاندا کێشابو، لە لایەکی ترەوە
ئاماژەی رون بۆ گۆڕانکاری لە ناوچەکە دەردەکەوت ! ئەمە لەکاتێکدا بوو کە داخوازیە
جەماوەریەکان بەر دیواری بێدەنگی دەسەڵات دەکەوتن.
حکومەت لە ڕوی ئابوریەوە بەشێوەیەکی گشتی پشتی
بەو بەشە بودجەیە بەستبو کە لە عێراقەوە بۆی دەهات، ئەم بەشە بودجەیە ساڵانە لە پڕۆژە
یاسای بودجەی حکومەتی فیدڕاڵی عێراقدا و بە دەنگدان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە
پەسەند دەکرا و هەر ساڵە و بە بیانویەک گازیان لەبەشێکی ئەگرت، لەڕوی کەرتی نەوتیەوە
کوردستان (حکومەتی هەرێم) چەند ساڵێک بو لە هەوڵی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتدابو
بە شێوەی بۆری و بە شێوەی تانکەر بۆ وڵاتانی دراوسی بەتایبەتی ( تورکیا و ئێران )،
نەوتیان لە ڕێگەی تورکیاوە بەگرێبەستێکی پەنجا ساڵە، ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان ئەکرد
هاوکات حکومەت بەرە بەرە ویستی خۆی بۆ پلانی ئابوری سەربەخۆی کوردستان دەردەخست بە
بێ ئەوەی پێداویستی تاکەکانی ئەم هەرێمەی لە ڕوی موچە و پێداویستیەکانی ترەوە لەسەر
ئابوری سەربەخۆ بنیات نابێت .
حکومەت لەڕوی ئیدارەوە لە تەنگژەیەکی قوڵدابو،
بەجۆرێک تەنها بەناو یەک حکومەتی یەکگرتوی هەرێمی کوردستان هەبو ، لە واقعدا دو ئیدارەی
تەواو جیاواز هەبون لە سلێمانی و هەولێر دو ئاسایشی جیاواز، دو هێزی هەواڵگری جیاواز
، دو هێزی پیشمەرگەی جیاواز ، دو وەزارەتی ناوخۆی جیاواز ، دو وەزارەتی پێشمەرگەی
جیاواز ، لە ڕاستیدا ئەکرا بڵێین دو ئەنجومەنی وەزیرانی جیاواز لەناو ئەک تەلاری ئەنجومەنی
وەزیراندا لە هەولێر دەوامیان ئەکرد بە جۆرێک کە ( سەرۆکی ئەجومەنی وەزیران دەسەڵاتی
ڕەهای بەڕێوەبردنی زۆنی زەرد و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی ڕەهای بەڕێوەبردنی
زۆنی سەوز ) یان هەبو.
حکومەت لەڕوی سیاسیەوە کارێکی وای نەکردبو کە کۆڵەکەی
پەیوەندی تەندروست لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیهاندا دروست بکات ! هەردو
حزبی دەسەڵاتدار هەریەکە و بەجیا نوێنەرایەتی خۆیان لە وڵاتان هەبو، بەجۆرێک دو نوێنەرایەتی
لە ئێران، دوان لە تورکیا، دوان لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بونیان هەبو، کە
هەریەکەیان بە ویستی حزبەکەی خۆیان سیاسەتی وڵاتیان ئاراستە ئەکرد!.
لەم کاتەدا، پێویستی دروستبونی جوڵانەوەیەک کە
وەڵامی داخوازیەکانی خەڵک بداتەوە بۆ ئەم کەم و کوڕیانە پێویستیەکی نیشتیمانی بو !
لێشاوی پەیوەندی خەڵک و هەوادارانی ئەم بزوتنەوە نوێیە جیگای سەرسامی و لە لایەکی
تریشەوە جێگای ترس و دڵەڕاوکێبو بۆ نەیارەکانی، بۆیە بۆ وەستاندنی ئەم نەزیفی پەیوەندیە
چیان لەدەست هات کردیان ! نان بڕین، گواستنەوە، پلە دابەزاندن و چەندین سزای سیاسی
تر باسی گەرم و گوڕی ناو کۆمەڵانی خەڵک بو!.
بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتای دروستبونیەوە
بانگەشەیەکی جیاوازی بۆ جیاوازی حکومڕانی هەبوە و هەیە، تان و پۆی ئەندێشەی ئەندام
و هەڵسوڕاوەکانی گۆشکراوی بەگژاچونەوەی گەندەڵی و خەونی گۆڕانکاری ڕیشەیی و بەنیشتیمانی
کردنی پەیوەندیەکان لە پێناو باشترکردنی بار و گوزەرانی تاکەکانی کۆمەڵگای هەرێمی
کوردستان.
ڕێکخەری کۆچکردوی بزوتنەوەکە ڕەوانشاد (نەوشیروان
مستەفا) هەروەک چۆن پێشتر و لە سەردەمی خەباتی نهێنی شار و پاشان خەباتی چەکداری
شاخدا ڕۆڵێکی سەرەکی و کاریگەری لە بنیاتنانی هێزێکی پێشمەرگەی تۆکمە و ڕێکخستنێکی
بەهێز و کاریگەر و پاشانیش ئەندازیاری ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵک و دوای ڕاپەڕینیش لە
پێکهێنانی یەکەمین پارلەمان و حکومەتدا هەبوە ، بە هەمان گوڕ و تینەوە وەک فیگەری ڕێچکەشکێنی
دروستکردنی یەکەم هێزی سیاسی ئۆپۆزسیۆن و بێچەک ناوی چوە مێژوی سیاسی ناوچەکەوە.
(بزوتنەوەی گۆڕان) خاوەنی ڕوانگە و دنیابینی
خۆیەتی بۆ چاکسازیەکی گشتگیر لە سیستەمی بەڕێوەبردن و دەوڵەتداریدا، تەنانەت لەو
کاتەی کە ئۆپۆزسیۆنیش بو پاکێجی چاکسازی پێشکەشی حکومەت کردوە و مکوڕبوە لەسەر پرەنسیپەکانی
ڕوە و چاکەی گشتی و دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی باشتر بۆ کۆمەڵانی خەڵك، بەیاننامە
حەوت خاڵیەکەی (30-1-2011) نمونەی هەڵوێستەکانێتی ڕوەو دروستبونی حکومەتێکی تەندروست،
لەم ڕێگایەوە توانی ململانێی سیاسی لە بەکارهێنانی چەکەوە بگۆڕێت بۆ ململانێیەکی دیموکراتیانە
لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە.
بەشداریکردن و و پاشان هەڵپەساردنی کاری وەزیرەکانی
و داخستنی دەرگای پارلەمان لە (١٢/١٠/٢٠١٥) ڕێگریکردن لە سەرۆکی پارلەمان باشترین
گەواهیدەری ئەو ڕاستیە بو کە دەسەڵات چۆن دوژمنکارانە بەرامبەر جێبەجێ کردنی اکسازیەکانی
بزوتنەوەکە وەستابوەوە، لە لایەکی ترەوە بزوتنەوەکە چەندێک خاوەنی ئەو بەڵینانەبو
کە بە دەنگدەرانی خۆی داوە ! بە دڵنیاییەوە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر سازشنەکردن لەسەر
وەعد و بەڵێنێک کە بە خۆی و دەنگدەرانی داوە توشی سزای سیاسی گەورە و لەمپەڕ
دروستکردن و هەوراز و نشێوی گەورەی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیش بۆتەوە و ئەبێت
و بەردەوامیشە ، بەڵام مل نەدان بۆ ئەجێندایەک کە دژی ویست و ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی
کۆردستانە مۆرک و بیروباوەڕی جێگیری بزوتنەوەکەیە و بەردەوامیش ئەبێت لەسەری.
دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان خاڵیکی وەرچەرخان
بو لە مێژوی سیاسی هەرێمی کوردستاندا، لەم ڕۆژ و کاتە شکۆمەند و پڕ شانازیەدا ، خۆم
بە شکۆمەند ئەزانم کە ڕێبوارێکی ڕێگای چاکسازی ئەم بزوتنەوەیەبوم، لە سەردەمێکدا ژیام
کە مرۆڤی گەورەی وەک ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) ڕێبەر و مامۆستا و پێشەنگی گروپێکی
سیاسی بوە کە کارم تیا کردوە، بەرز و پیرۆزبێت بیست و پێنجی حەوت، ڕۆژی سەرکەوتنی
لیست و بزوتنەوەی گۆڕان .
948 جار خوێندراوەتەوە