کورتەیەک لە مێژوی سلێمانی:
(بابانەکان) بەرلەوەی بیر لە دروستکردنی شارێک
بکەنەوە، ناوەندی ئەمارەتەکەیان ئەکەوتە ناوچەی (قەڵاچوالان)، تەنگ پێهەڵچنینیان لەلایەن
هەردو دەوڵەتی سەفەوی لە سەردەمی (نادر شا 1688-1747) و دەوڵەتی عوسمانی لە سەردەمی
(سوڵتان محمودییەکەم 1730-1754) بۆ دورخستنەوەی مەترسی شەڕو داگیرکاری لە سەردەمی
(مەحمود پاشای بابان) بیرلەوەکرایەوە شوێنی ناوەندی بڕیاردانی میرنشینەکەیان بگوێزنەوە
بۆ ناوچەیەکی گونجاوتر لەڕوی سەربازی و ڕامیاری و بازرگانیەوە، بۆ ئەو مەبەستە بارەگای
سەرەکی میرنشینەکە گوێزرایەوە بۆ نزیک گوندی (مەڵکەنی).
دوای هاتنە سەرکاری (ئیبراهیم پاشای بابان) لە
ساڵی (1783)دا، دەستکرا بە دروستکردنی شارە نوێکە و لە ساڵی (1784)دا کۆتاییهات و
(ئیبراهیم پاشا) بە ناوی (سلێمان پاشا)ی باوکیەوە ناوی لێنا (سلێمانی)، لە هەمان
ساڵدا (بابانەکان) ناوەندی میرنشینەکەیان گواستەوە بۆ (سلێمانی) و ڕۆژی (14/ 11/1784)
بەڕۆژی دروستبونی سلێمانی دیاریکراوە.
پاش ڕوخانی (میرنشینی بابان) لە ساڵی (1851) و
لەناوچونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەم، شاری (سلێمانی)
خرایە سەر دەوڵەتی عێراق و لە سەردەمی حکومەتەکەی (مەلیک مەحمود)دا لە ساڵەکانی (1922-1924)
شاری سلێمانی پایتەختی ئەو دەوڵەتە بوە.
سلێمانی و پێشەنگی لە خزمەتگوزاری و کوانوی
داهێنان و نوێگەری:
هەر لە سەرەتای دروستبونیەوە، ئەم شارە خەسڵەتی
پێشکەوتن و خزمەتگوزاری بۆ فەراهەم کراوە، ئەوانەی کاری بنیاتنانی ئەم شارە (236)
ساڵەیەیان ئەنجامداوە کەسانێکی (دنیادیدە و لەخۆبوردو و هۆشمەند و دانا) بون، بەجۆرێک؛
هەر لەگەڵ دروستبونیدا بیریان لە دروستکردنی تۆڕەکانی ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان و شوێنی
باخ و مزگەوت و حەمام و زۆر شوێنی خزمەتگوزاری تر کردوەتەوە و بنیاتیانناون.
هەڵکەوتەی جوگرافی (سلێمانی) بەجۆرێک بوە کە
دەوڵەمەند بوە بە کارێز و کانیاوەکانی، بۆیە هەمو کارێز و کانیاوە بەناوبانگەکانی
ئەم ناوچەیە کۆکراونەتەوە و بەکارهێنراون بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و دانیشتوانی شارە
نوێکە، بە جۆرێک ڕێکخراون، کە لەو سەردەمەدا کەس بیرینایەت ئەم شارەڕۆژێک لەڕۆژان
بێ ئاوی بەخۆیەوە دیبێت!
(سلێمانى) خاوەنی چەندین پێشەنگی و یەکەمینە!
یەکەم حکومڕانی لە شێوەی دەوڵەت، یەکەم ڕاپەڕین، یەکەم زانکۆ، یەکەمین تەلەفزیۆن، یەکەمین
گۆڤار و یەکەمین ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و یەکەمین ئۆپۆزسیۆن و چەندین یەکەمینی
تر...
زۆرینەی بیری داهێنەرانە و شاعیرانەش لەم شارەوە
چرۆی کردوە و خاوەنی خەرمانێک کەڵە شاعیرە لە نمونەی (نالی، سالم، کوردی، بێکەس، حەمدی،
گۆران، کەمالی، بێخود و مەحوی) و چەندینی تر.
سلێمانی و نوچنەدان و بەرگری و خۆڕاگری:
سلێمانی وەک ناوچەیەکی جوگرافی فراوان، شارێکە
بۆ داهێنان و نوێبونەوە و مێژویەکی وەهای بۆخۆی تۆمار کردوە، کە جێگەی شانازیە بۆ
ئێمەی خەڵکی ئەم شارە، ئەم خەسڵەتە شۆڕشگێڕیە و ئەو مێژوە پڕ لە سەروەریەی ئەم شارە،
چەندین نازناوی پێبەخشیوە.
سلێمانی، لای دۆستانی؛ شاری (هەڵمەت و قوربانی)،
(پایتەختی ڕۆشنبیری) و لای دوژمنانیش (مدینە صعبە) بوە، شارێکی هێندە زیندو بوە هیچ
هێز و لایەنێک نەیتوانیوە تا سەر جڵەوی بکات!.
هەر لە سەردەمی دەسەڵاتداری ئینگلیزدا شۆڕشەکانی
(شێخ مەحمودی نەمر) و پاشتر بەرخۆدان و شەڕی (بەر دەرکی سەرا) لە (6ی ئەیلولی 1930)
نمونەیەکی تۆمارکراوی قارەمانێتی ئەم شارەن، لە سەردەمەکانی دواتریشدا سلێمانی ناوەندی
کۆمەڵێک جوڵانەوەی سیاسی بوە، لە مێژوی نزیکدا سلێمانی مەڵبەندی بەگژاچونەوەی داگیرکاری
و زوڵم و ستەم بوە، لە سەردەمی شۆڕشەکانی (ئەیلول) و (نوێ)دا، ئەم شارە بە دایکی ئەم
شۆڕشانە دائەنرێت.
سلێمانی؛ وێڵ و سەوداسەر و خولیای ئازادیە، هەر
بۆیە لەڕاپەڕینی ساڵی (1991)دا یەکەمین شاربو لە دەستیڕژێمی (بەعس) ڕاپەڕی، لە سەردەمی
دەسەڵاتی حکومەتی کوردیشدا، یەکەمین مۆمی بەگژاچونەوەی گەندەڵی و ناعەدالەتی هەر لەم
شارەوە داگیرساو بو بە خاوەنی یەکەمین هێزی ئاشتیخواز و بێ چەکی ئۆپۆزسیۆن لە
باشوری کوردستان.
لە لایەکی ترەوە ئەم شارە بۆتە کوانوی لەخۆگرتنی
چەندین بیری ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازی پارچەکانی تری کوردستانیش.
سلێمانی
چی ئەوێ؟
بەداخەوە لەسایەی ئەزمونەکانی حکومڕانی خۆماڵی
و دەسەڵاتدار و حکومەتەیەک لەدوای یەکەکانی دوای ڕاپەڕیندا، سلێمانی بێناز کراوە،
ماوەیەک لەبەر کۆمەڵێک هۆکار بە دەست کێشمەکێش و پەراوێزبونەوە دەناڵێنێت، وەک چۆن
هاوڵاتی مافی هەیە لە وڵاتەکەیدا، هەر بەو شێوەیەش ئەم شارە جوان و سەنگینە داوای
مافی خۆی و ڕۆڵەکانی لە دەسەڵاتدارەکان و حکومەتەکەی ئەکات؟.
سلێمانی (کیانی) ناوێ! خۆی کیانە، سلێمانی
ناوی گەورە و نازناوی پێبڕاوی ناوێ، چی لە ناوی (سلێمانی) گەورەترە!!
سلێمانی، حکومڕانیەکی عادیلانە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی
و ئاسایشی تەندروستی و کار و بازاڕی ئەوێ، خۆشگوزەرانی ڕۆڵەکانی و ژینگەیەکی پاک و
ئاسایشی خۆراکی ئەوێت! سنورەکانی بپارێزن، دەستی مافیاکانی ببڕن، زەویەکانی تەخشان
مەکەن، سامانە سروشتیەکانی هەڕاج و تاڵان مەکەن، هیچی تری لێتان ناوێ!!
سنوردار و کەنارگیر و هیلاک و بچوکی مەکەنەوە!
سلیمانی بەقەد سارا بەرز و بەقەد گۆیژە جوان و بەقەد گڵەزەردە ڕەنگینە! شوناسی ئەم
شارە شوناسێکی جیهانیە، شارێکی داهێنەری جیهانیە بەپێی بڕیاری (یونسکۆ)!
مەیسوتێنن ! مەیڕەنجێنن ! مەیفەوتێنن ! مەیفرۆشن
! سلێمانی دانسقەیە !!.
وەک حەمدی شاعیر ئەفەرموێت :...
شەوێ دەس ئەهرەمەن کەوت خاتەمی ملکی سلێمانی
کە چی میر و گزیری پێ ئەکرد، قەدری وەها زانی
ئەی ئەوانەی ئەم شارە بۆ مەرامی تایبەتی خۆتان
بەکار ئەهێنن، مەبن بە (ئەهرەمەن) بۆی! دڵنیابن مێژو تەنیا بە خامەی ئێوە نانوسرێتەوە..!
891 جار خوێندراوەتەوە