مێژوی شێواندن! لە (تڕۆتسکی)ەوە تا (نەوشیروان مستەفا) ...

مێژوی شێواندنی ڕاستیەکان ڕەگێکی مێژویی هەیە، ویژدانی مرۆڤ دەورێکی کاریگەری بینیوە لە شێواندنی هەر ڕاستیەکدا کە ویستبێتی یان بە ڕێگر لەبەردەم ئامانجەکانیدا بینیبێتی !

ناوبانگی هەرکەسێک، ڕەنگدانەوەی ناوی کەسەکەیە لە ڕوی هەڵسوکەوت و پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوروبەر و هاوڕی و دۆست و بگرە نەیارەکانیشیدا وە هەر زانیاریەک دەربارەی کەسەکە ببیسترێت و بڵاو ببێتەوە، بە شێوەیەکی گشتی (ناوبان ) هەروەک بەشەکانی جەستەی مرۆڤ بەشێکە لە مرۆڤەکە، جا ناوبانگەکە (چاک) بێت یان (خراپ).

شێواندنی ئەم (ناوبانگ)ە و لەکەدارکردن و شکاندنی، کەمتر نیە لە مردنی مەعنەوی مرۆڤەکە لە کۆمەڵگادا ! جا ئەم مرۆڤە مرۆڤێکی ڕێزلێگیراوی ناو کۆمەڵگا بێت یان خاوەن کەسایەتیەکی گرنگ یان سیاسیەکی بەتوانا یان شۆڕشگێڕێک بێت !
لە سەردەمەکانی کۆندا، چۆنێتی شێواندنی ناوبانگی مرۆڤەکان دیاریکراو بون، بە شیوەیەک لە ڕێگای دروستکردنی چیرۆکی ناڕاست لەبارەی مرۆڤەکەوە ناوبانگی مرۆڤەکەیان شێواندوە و وایان کردوە هێز و قورسایی و سەنگی لەناو کۆمەڵگادا بەرەو پوکانەوە و نەهێشتن بەرن.

لە سەردەمی ئەمڕۆماندا و بە تایبەتی لەم سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئاسان دەست گەیشتن بە زانیاری لە ڕێگەی ئینتەرنیتەوە، جۆر و ڕێژە و قەبارەی شێواندنەکانی گۆڕیوە !  بە شێوەیەک، هەم جۆرەکەی خراپتر و هەم ڕێژەکەی زۆرتر و هەم قەبارەکەشی گەورەتر بوە !

لەم وتارەدا بە سەرکردەی شۆڕشی ( تشرینی یەکەم ) لە ڕوسیا، دەست پێ ئەکەم کە ئەویش ( لیۆن تڕۆتسکی ) یە!.
ناوی تەواوی ( لیڤ داڤیدۆفیچ برۆنشتاین ١٨٧٩ – ١٩٤٠ ) ، سیاسەتوان و شۆڕشگێڕێکی ڕوسی و دامەزرێنەر و یەکەمین سەرکردەی ( سوپای سور ) و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی شۆڕشی ( تشرینی یەکەم ) کە بوە هۆی کەوتنی دەسەڵاتی قیصری ڕوسیا ( نیکۆڵاسی دوەم ) وە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ( کۆمۆنیستی ) یان ( پۆڵشێڤیک ) بو لە سەردەمی سەرۆکایەتی ( لینین ) دا.

ئاشکرایە کە نێوانی لەگەڵ ( لینین ) دا باش نەبو، بەڵام ( لینین ) باش لە سەنگ و قورسایی و زیرەکی و ئازایەتی ( تڕۆتسکی ) تێگەیشتبو ! تا لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا بە تەواوەتی هاوڕای بیر و بۆچون و دونیابینی و دوربینیەکەی ( تڕۆتسکی ) بو، بە شێوەیەک ئەیویست دوای خۆی ( تڕۆتسکی ) جڵەوی دەسەڵاتی وڵات بگرێتە دەست!.

ئەمە هاوکات بو لەگەڵ هەڵتۆقینی ناوی ( جۆزێف ستالین ) ! لە ئەنجامی ئەو دوبەرەکیەی پێشتر لە نێوان ( لینین ) و ( تڕۆتسکی ) دا هەبو ، هەڵتۆقینێک کە لە پاشان بوبە دیکتاتۆرێکی خوێنمژ تا مردنی لە ساڵی ( ١٩٥٣ ) دا، دیکتاتۆرێک کە دەستی چوە خوێنی سەدەها هەزار لە گەلەکەی خۆی، سەدەها هەزاری تری دەربەدەر و جینۆساید کرد ، بە شێوەیەک منداڵەکانی خۆی تەنها ئاواتیان ڕزگاربون بو لە دەستی باوکیان!.

پێش چڵەوگرتنەدەستی (ستالین) هەردو (لینین و تڕۆتسکی) لە ترسناکی (ستالین ) گەیشتبون ! بەڵام نەخۆشکەوتنی (لینین) و لە پاشان مردنی کتوپڕی ناوبراو بوە هۆی دەستگرتنی ( ستالین ) بەسەر دەسەڵاتدا و شێواندن و شکاندنی ناوبانگی ( تڕۆتسکی ) و دورخستنەوەی بۆ دەرەوی وڵات و لە پاشان تیرۆرکردنی بە دڕندانەترین شێوە لە ڕێگەی داسێکی ئاسنینەوە لە وڵاتی مەکسیک!.

 

تۆ بڕوانە، مرۆڤێکی ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕی وەک (تڕۆتسکی) وا دەربەدەر بکرێ و بگرە لە دەربەدەریشدا ژیانێکی سادەی وەک مرۆڤێک پێ ڕەوا نەبینرێ ! سەرباری ئەوە هەر یەک لە چوار منداڵەکەی (سێرگێ ، لیێڤ ، زینایدا و نینا) هەریەکە و بە شێوەیەکی گوماناوی ژیانئاواییان کردوە بە شێوەیەک بێ منداڵ و بێ نەوە مایەوە پێش ئەوەی خودی خۆشی لە دوری هەزارەها کیلۆمەتر لەو (یەکێتی سۆڤیەت)ەی خودی (تڕۆتسکی) یەکێک بو لە دامەزرێنەرانی، تیرۆربکرێت!.

لە پاش کوشتنیشی چەنەها چیرۆکی ناڕاست دروستبکرێ بۆ شکاندن و شێواندنی ناوبانگی ئەو سەرکردەیە کە تا ئێستاش بەردەوامە !
لە ساڵی (2019) پڕۆگرامی بەناوبانگی جیهانی (نێتفلێکس) زنجیرەیەکی سینەمایی لەسەر ژیانی (تڕۆتسکی) پەخشکرد کە لە بەرهەمی (تۆڕی سەرەکی حکومەتی ڕوسی) بو کە لەلایەن پاشماوەی خێزانی (تڕۆتسکی) یەوە بە هەمو شێوەیەک ڕەتکرایەوە، تیایدا (تڕۆتسکی) بە کەسێکی شەڕانگێز و خوێنمژ و هەوەسباز وێنا کراوە و بە شێوەیەکی گشتی ژیانی ئەم سەرکردەیە شێوێنراوە ! کە لە ڕاستیدا پێچەوانەی ئەم زنجیرەیە چەندین دەستنوس و کتێب و بگرە بەڵگەنامە هەیە !
لە هەموی گرنگتر ئەوەیە تا ئەم ساتە، چەندین کەس و ڕێکخراو هەیە خۆیان بە لایەنگر یان پەیڕەوی سیاسەتی دوربینانەی (تڕۆتسکی) ئەکەن، کەچی کەس نابینیت بڵێ من پەیڕەوی هەمان سیاسەتی (ستالین) ئەکەم یان (ستالینی) م !
لەم کوردستانەی خۆشماندا مێژوی شێواندن و شکاندن مێژویەکی قێزەون و دورە ، هەر لە هەوڵەکان بۆ شکاندن و شێواندنی ناوبانگی یەکەمین مەلیکی کوردستان جەنابی (شێخ مەحمودی حەفید)ەوە بگرە تا دروستکردنی کۆماری مهاباد و هەوڵدان بۆ شێواندنی ناوبانگی سەرۆک کۆماری مهاباد جەنابی پێشەوا (قازی محمد)!.

مێژوی نزیکی شۆڕشی کورد و خەباتی چەکداری شاخیش، لەم چەواشەکاری و ناوزڕاندن و شکاندنانە بەدەر نەبوە ، لە ساتی دروستکردنەوەی شۆڕش دوای نسکۆی ساڵی (1975) یەک شۆڕشی پێچەوانەی شۆڕشە ڕاستەقینەکە دروستکرا کە ئەو سەردەمە سەرکردەکانی (شۆڕشی نوێ) ناویان لێنابو (شۆڕشی چەواشە)!.
لەناو شۆڕشی نوێشدا لە ئەنجامی جیاوازی بیروبۆچون و شێوازی سیاسەتکردنەوە هاوڕێیانی ناو شۆڕش هەریەکەو بە قازانجی خۆی و بێ بیرکردنەوە لەوەی ناوبانگی گشتی شۆڕشەکەی پێ لەکەدار ئەبێت ! کەوتنە بەخشینەوەی تۆمەتی ناڕاست و شێوێندراو !
یەکێک لەو سەرکردانەی ناو شۆڕش کە بێبەش نەبو لەو چەواشەکاریانە ( نەوشیروان مستەفا )بو!.

هەرچەندە ناساندنی (نەوشیروان مستەفا) بۆ ئێمەی نەوەی دوەمی ئەم شۆڕشە کارێکی ئاسان نیە چونکە ئەو کارو چالاکیە قورس و ئاستەمانەی لە سەردەمی سەرکردایەتی ئەم زاتەیا کراون، بێ هاوتان !
ناوی تەواوی (نەوشیروان مستەفا ئەمین 1944 – 2017)، لە سلێمانی لەدایک بوە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان)، پاشان جێگری سکرتێری گشتی هەمان حزب بوە، سکرتێری (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) بوە، ئەندازیار و پلانداڕێژەری ڕاپەڕینی (ئازاری 1991) بوە ، دامەزرێنەر و ڕێکخەری گشتی (بزوتنەوەی گۆڕان) بوە کە یەکەمین هێزی ئۆپۆزسیۆنی بێچەک بو، بە ڕوناکبیر و مێژونوس و بنکۆڵکارێکی دەگمەنی کورد دائەنرێت کە خاوەنی چەنەها لێکۆڵینەوەی ورد و چەنەها کتێبی مێژویی گرنگە کە نەوەکانی دواڕۆژ ئەتوانن هەریەکێکیان وەک سەرچاوەیەکی گرنگی مێژویی کەڵک لێ وەربگرن.

بەهۆی ئەم کۆمەڵە خەسڵەتەی لەم زاتەیا هەبوە، نەیارەکانی هەردەم هەوڵی شکاندن و شێواندنی کەسایەتی (نەوشیروان مستەفا) یان داوە، بەڵام هەمو هەوڵەکان بە شکست کۆتایی هاتوە!.
بۆ نمونە، هەنێک ئیدعای ئەوەیان ئەکرد کە گوایە دژی دین و ئاینە! هەنێکی تر وا بەگوێی خەڵکیاندا ئەیا کە کەسێکە دژی خەباتی ئافرەتانە! هەنێکی تر بە پیاوکوژ و چەندین تۆمەتی تریان بۆ دا ئەتاش! سەرئەنجام کاک نەوشیروان هەر ئەو کاک نەوشیروانە بو کە هەمومان بە سیفاتە جوان و باشەکانیەوە ئەمانناسی!.

لە پاش ڕاپەڕین، زۆرکەس ویستیان خۆیان بکەن بە خاوەن و ئەندازیار و جێبەجێکاری پلانەکانی ڕاپەڕین! و وای وێنا بکەن کە ئەوە (نەوشیروان مستەفا) نەبوە کە ئەندازیار و جێبەجێکار و پلانداڕێژەری ئەو دەسکەوتە مەزنە بوبێ! بەڵام بەڵگە حاشا هەڵنەگرەکانی (نەوشیروان مستەفا) ئەو ڕیسەشی لێ کردنەوە بە خوری.

لە سەردەمی دروستکردنی (بزوتنەوەی گۆڕان) و یەکەمین تاقیکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی فیعلی لە هەرێمی کوردستان، زۆر تۆمەتی ناڕەوا هەڵبەستران بۆ ساردکردنەوەی گۆڕانخوازان و هاوڕێیانی ئەم زاتە ، هەبو ئەیوت کە ئەم جیابونەوەیە تاکتیکێکی سیاسی بەینی هەردو ڕەوانشاد (کاک نەوشیروان و مام جەلال) ە بە مەبەستی ئیحتیوای فراوانبونی دەسەڵاتی (پارتی دیموکراتی کوردستان)!.

یان بە هۆی کڕینەوەی هەندێک کەسی هەلپەرستی دەوروبەری (کاک نەوشیروان) دەنگی ڕیکۆردکراوی ناوبراویان بە ئارەزوی خۆیان دەستکاری ئەکرد و تۆمەتباریان ئەکرد بە هاندانی خەڵک بۆ هەڵکوتانە سەر (کونسوڵخانەکان) و بەم هۆیەوە و بە قسەی خۆیان بۆ مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەو هەرێمەی (نەوشیروان مستەفا) ئەندازیاری ڕزگارکردنی بوە لەدەست ڕژێمی (بەعس) ، فەرمانی گرتنیان بۆ دەرئەکرد ! بە حساب و عەقڵی پاشکەوتویان بەم کردارە ناوبانگی ئەو زاتە لەکەدار ئەکەن! بیریان چوبو کە حکومەتی (بەعس)یش بە هەمان شێوە فەرمانی گرتن و لەسێدارەدانی بۆ (نەوشیروان مستەفا) دەرکردوە!.

هەندێک جار (کاک نەوشیروان) ناچار ئەکرا خۆی وەڵام بداتەوە ، نامیلکەی (لە هاوخەباتیەوە بۆ تەخوین) نمونەیەکی زیندوە!.
لە پاش ژیانئاوایی ئەم زاتە، هەوڵە چەواشەکاریەکان زیاتر و زەقتر و زبرتر بون ، هەر بە (خۆی و بزوتنەوەکەیەوە) وە نەوەستاون! بۆ نمونە ئەو هەوڵ و پلانە ئامانجدارانەی نەیارەکانی کە ئەیانەوێت لە ڕێی کوڕەکانیەوە دەستیان بچێتە ناو و ناوبانگ و شۆرەتی (نەوشیروان مستەفا)، یان چەند نوسەرێکی قین لەدڵ، نەمانی (کاک نەوشیروان و هاوڕێکانی سەردەمی خەباتی سەختی شاخی)، یان قۆستۆتەوە و بە ویژدانێکی بەرد ئاسا و بە دەستێکی ڕەشی لەرزۆک کەوتونەتە نوسینی کتێبی چەواشەکاری لەسەر خەبات و قوربانیدانی (نەوشیروان مستەفا)! بەڕاستی سەیرە! خەڵکانێک کە تا ئەو هەناسەی ئەدا، ئەوان لە هەناسە کەوتبون! کەچی لە دوای مەرگی، بێئاکارانە پەلاماری خەبات و ماندوبونی ئەدەن!. 

لە کاتێکدا کە خودی (نەوشیروان مستەفا) لە ژیاندابو و دوای بڵاوکردنەوەی هەرسێ بەرگی (لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن و خولانەوە لەناو بازنەدا) کە سێ کتێبیی زنجیرەیی یەک لەدوای یەکە و باسی ڕوداوەکانی ڕۆژگاری سەختی خەباتی چەکداری کورد ئەکات لە ( شۆڕشی نوێ 1975 - 1988) دا، یەکێک لەم نوسەرە چەواشەکارە بێ مۆڕاڵانە زاتی وەڵامدانەوەی تەنها یەک دێڕی ئەم کتێبانەیان نەبو!                 
بەڵام ئەبێ دڵنیابن کە .....

کانی ڕونی مێژو بە وردە بەردی قوڕاوی لێڵ نابێت!
لە کۆتاییدا مێژو سەلماندویەتی ، کە پەتی چەواشەکاری کورتە ، ئەبێ تێبگەن کە مێژو تەنها سیاسیە دەسەڵاتدارە بێ مۆڕاڵە ناخ ڕەشەکان ناینوسنەوە ! مێژوی خەباتی (تڕۆتسکی) نمونەیەکی زیندوی تۆمارکراوە!! هەرچەند ویسترا بشێوێندرێ هەر بە ڕاستی مایەوە... !!!

هەوڵە شکستخواردوەکان و سەرفکردنی چەردە پارە بۆ کەمڕەنگ کردنەوەی خەباتی (نەوشیروان مستەفا) و شێواندنی ڕوی ڕاستەقینە و چاکسازیخوازانەی (بزوتنەوەی گۆڕان) ڕاگرن ... !!!

خەڵکانی ویژدان زیندو و ئاگادار لە ڕاستیەکان ناچار بە وەڵامی (نەوشیروان مستەفا) ئاسا مەکەن ... !!!

پیرەمێرد وتەنی :...

زمان ڕابێنە لەسەر قسەی حەق

بە ئەدەب ، نەوەک بە شێوازی ڕەق

ئەو پارچە گۆشتەی لەناو دەمدایە

کلیلی دەرگای خێر و بەڵایە

هەروەکو دەرگای خێر ئەکاتەوە

سەری زۆر بەڵاش هەڵئەداتەوە !!

1069 جار خوێندراوەتەوە