هەرێم؛ KNN پلانێكی یەكێتی و پارتی بۆ دەستبەسەرداگرتنی وەزارەتی كارەبا ئاشكرا دەكات

08:41 - 15/09/2018
کوردستان

هەرێم؛ دوای هەڵبژاردن پێنج كۆمپانیای یەكێتی و پارتی دەبنە خاوەنی وەزارەتی كارەبا  
هەرێم؛ نرخی كارەبا بەرێژەی 100% لەسەر بەشێك لە هاوڵاتیان زیاد دەكات


KNN پلانێكی یەكێتی و پارتی بۆ دەستبەسەرداگرتنی وەزارەتی كارەبا ئاشكرا دەكات، دوای هەڵبژاردن پێنج كۆمپانیای ئەو دوو حزبە دەبنە خاوەنی وەزارەتی كارەبا، سەرچاوەیەكی ئاگاداریش دەڵێت بەشێك لە هاوڵاتیان بەرێژەی 100% نرخی كارەبایان لەسەر زیاد دەكرێت.


خەڵكی كوردستان ئێوە سەیركەن یەكێتی و پارتی چ پلانێكیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی وەزارەتی كارەبا داناوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی KNN لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە، جوت حزبەكە رێككەوتوون كە لەدوای پرۆسەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی كوردستان وەزارەتی كارەبا بدەنە پێنج كۆمپانیای حزبی كە سێیانیان سەر بە پارتین و كارەبای ئیدارەی پێشووی هەولێریان پێ دەدرێت و دوو كۆمپانیاكەی تریش سەر بە یەكێتین و كارەبای ئیدارەی پێشووی سلێمانی وەردەگرن، و دەبنە خاوەنی تەواوی ژێرخانی وەزارەتی كارەبا كە بەهاكەی لەنێوان 12 بۆ 15 ملیار دۆلاردایە، ئەوەش لەچوارچێوەی بەتایبەت كردنی كەرتی كارەبای هەرێم.

سەرچاوەكەی KNN دەڵێت، ئەو پێنج كۆمپانیایە سێ مەرجیان بۆ حكومەت داناوە، مەرجی یەكەم  ئەوەبووە كە حكومەت سیانەی تۆڕەكانی كارەبا بكاتەوە و سیستمەكەش لە 132 كەیڤیەوە بگۆڕێت بۆ 400 كەیڤی، مەرجی دووەمی ئەو كۆمپانیایانە ئەوەیە كە پێدانی كارەبا بكرێتە وەحدە، و مەرجی سێیەمیش بریتی لەوەی كە كارەبای قەزا و ناحیەكان لە شارەكان جیانەكرێتەوە.

بەگوێرەی زانیاریەكانی سەرچاوەكە نێچیرڤان بارزانی  هەر سێ داواكاریەكەی پەسەند كردووە و بەڵێنی پێداون پارەی پێویست بۆ سیانەی كارەبا لە داهاتی نەوت تەرخان بكات.

بەپێی ئەو رەشنوسەی كە ئەو كۆمپانیایانە لەگەڵ حكومەت لەسەری رێككەوتوون، كارەبای مۆلیدە ئەهلیەكان نامێنێت و ئەو كۆمپانیایانە خۆیان لە ناوچەكانی نزیك شارەكان ژمارەیەك مۆلیدەی گەورە دادەنێن و بە كارەبای نیشتیمانیەوە دەیبەستنەوە.

سەبارەت بە نرخی كارەباش سەرچاوەكە دەڵێت هاوبەشانی كارەبای هەرێم دابەشی سێ ئاست كراون، بەشی یەكەم ئەوانەی داهاتیان باشە و كارەبا زۆر بەكاردەهێنن، دەبێت 100% ی پارەی تێچووی كارەبا و قازانجی كۆمپانیاكە بدەن، كە بەرێژەی 100%  لەپارەی ئێستایان زیاترە.

بەشی دووەم ئەوانەی داهاتیان مامناوەندە و كارەبا بەشێوەیەكی مامناوەند بەكاردەهێنن، نیوەی تێچووی كارەبا خۆیان بیدەن و حكومەتیش نیوەی تێچوەكەیان بۆ دەدات، ئەوانیش كرێی كارەبایان بەنزیكەی 50% بەراورد بە ئێستا لەسەر زیاد دەكرێت.

بەشی سێیەمی هاوڵاتیان ئەوانەی داهاتیان كەمە و بەرێژەیەكی كەم كارەبا بەكار دەهێنن، ئەوە خۆیان 40%ی تێچووی كارەبا دەدەن و حكومەتیش 60%ی پارەی كارەبایان بۆ دەدات، بەڵام ئەوانیش بەراورد بەئێستا نرخی كارەبایان لەسەر زیاد دەكرێت، بەڵام رێژەكەی كەمترە.

سەبارەت بە فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەباش سەرچاوەكە دەڵێت وەزارەتی كارەبا 19  هەزار و 500 فەرمانبەری هەیە بەڵام ئەو كۆمپانیایانە تەنها نزیكەی 5 هەزار فەرمانبەریان وەردەگرنەوە، و چارەنوسی فەرمانبەرەكانی تر نادیارە.

بەگوێرەی زانیاریەكانی سەرچاوەكە بریاری كۆتایی لەسەر ئەو پرسە مانگی نیسانی ئەم ساڵ دراوە، بەڵام جوت حزبەكە داوایانكردووە ئەو پرۆسەیە بخرێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی كوردستان.

هاوڵاتیانی كوردستان پاراستنی ژێرخانی كارەبای هەرێم ئەركی سەرشانی هەمووانە، نابێت رێگە بدەن ئەوانەی وەك داگیركەر مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن، هەرچی ژێرخان و سەرخانی ئەم وڵاتەیە بیدزن و لەسەر كۆمپانیاكانیان تاپۆی بكەن.

دەسەڵاتی ئێستای یەكێتی و پارتی بەتەواوەتی بووە بە سیستمی گەندەڵی و هەموو فەرمانگە و دامەزراوەیەكی ئەم هەرێمە كەوتۆتە بەر هەڕەشەی دزین، تۆی هاوڵاتی بە شداربە لەسنورداركردنی دەسەڵاتی جوت حزبەكە بۆئەوەی چیتر باجی دەسەڵاتی مافیایی نەدەیت.

كۆمپانیاكانی یەكێتی و پارتی سێ مەرجیان بۆ حكومەتی هەرێم هەبووە
مەرجی یەكەم ئەوەبووە كە حكومەت سیانەی تۆڕەكانی كارەبا بكاتەوە و سیستمەكەش لە 132 كەیڤیەوە بگۆڕێت بۆ 400 كەیڤی، مەرجی دووەمی ئەو كۆمپانیایانە ئەوەبووە كە پێدانی كارەبا بكرێتە وەحدە، و مەرجی سێیەمیش بریتی لەوەی كە كارەبای قەزا و ناحیەكان لە شارەكان جیانەكرێتەوە

بەپێی رەشنوسی رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكانی یەكێتی و پارتی هاوبەشەكانی كارەبای هەرێم دابەشی سێ چین كراون:
یەكەم ئەوانەی داهاتیان باشە و كارەبا زۆر بەكاردەهێنن، دەبێت 100% ی پارەی تێچووی كارەبا و قازانجی كۆمپانیاكە بدەن، كە بەرێژەی 100%  لەپارەی ئێستایان زیاترە.

بەشی دووەم ئەوانەی داهاتیان مامناوەندە و كارەبا بەشێوەیەكی مامناوەند بەكاردەهێنن، نیوەی تێچووی كارەبا خۆیان بیدەن و حكومەتیش نیوەی تێچوەكەیان بۆ دەدات، ئەوانیش كرێی كارەبایان بەنزیكەی 50% بەراورد بە ئێستا لەسەر زیاد دەكرێت.

بەشی سێیەمی هاوڵاتیان ئەوانەی داهاتیان كەمە و بەرێژەیەكی كەم كارەبا بەكار دەهێنن، ئەوە خۆیان 40%ی تێچووی كارەبا دەدەن و حكومەتیش 60%ی پارەی كارەبایان بۆ دەدات، بەڵام ئەوانیش بەراورد بەئێستا نرخی كارەبایان لەسەر زیاد دەكرێت، بەڵام رێژەكەی كەمترە.
3176 جار خوێندراوەتەوە