جوانڕۆ محەمەد: بەغدا داوا دەکات نرخی بەنزین لە هەرێمیش بکرێتە 450 دینار

KNN : Kurdish News Network
02:25 - 07/07/2026
کوردستان
+
-

پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی باڵای بۆ لێکۆڵینەوە لە چارەنووسی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە ڕۆژانەیە پێکهێنا کە بۆ دابینکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو بە هەرێمی کوردستان دەدرێت، هاوکات پلانی دابەشکردنی بەنزین بە سیستەمی کۆبۆن بەسەر هاوڵاتییاندا تاوتوێ دەکرێت.

 

جوانرۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە میانی بەشداری لە بەرنامەی رۆژەڤی KNN ڕایگەیاند، لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق بە واژۆی سەرۆکی پەرلەمان و بە بەشداری وەزیری نەوتی عێراق پێکهێنراوە. ئامانجی سەرەکی لیژنەکە وردبینییە لە شێوازی پاڵاوتن و دابەشکردنی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی ڕۆژانە دەدرێتە هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بڕە نەوتە، ڕۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام تەنها ملیۆنێک و 900 هەزار لیتری بە نرخی 750 دینار دەدرێتە هاوڵاتییان، کە ئەمەش بڕێکی زۆر کەمە و چارەنووسی بەشە زۆرەکەی دیکەی نادیارە.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە کە بەغدا دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم هەرێمی کوردستان؛ یان دەبێت نرخی بەنزین هاوتا بکرێت لەگەڵ ناوەڕاست و خوارووی عێراق کە 450 دینارە، یان ئەو بڕە نەوتە بگەڕێندرێتەوە بۆ عێراق.

 

 هەروەها ڕەخنەی توندی لە قۆرخکارییەکانی ناوخۆی هەرێم گرت و ڕایگەیاند، بەهۆی پاوانکردنی داهات و سامانە سروشتییەکانەوە، هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ناچار بوون بۆ دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانیان چاویان لە بڕیارەکانی بەغدا بێت و لەوێوە بەدوای چارەسەردا بگەڕێن.

132 جار خوێندراوەتەوە