ئاماری شەش مانگی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی سزادراوانی لەسێدارەدان ئاشکرا کرا

KNN : Kurdish News Network
04:38 - 06/07/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازیی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی ڕاگەیاند و بەپێی ئامارەکان، لە ئێستادا زیاتر لە شەش هەزار و 200 سزادراو لە هەر شەش چاکسازییەکەی هەرێمی کوردستاندا ماوەی حوکمەکەیان بەسەردەبەن، کە زۆرترین ڕێژەیان لەسەر کەیسەکانی ماددەی هۆشبەر حوکم دراون و 539 کەسیشیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە

 

ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازیی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، تەنیا لەمساڵدا چوار هەزار و 94 سزادراوی نوێ هاتوونەتە نێو چاکسازییەکان، لە بەرامبەریشدا سێ هەزار و 565 سزادراو ماوەی حوکمەکەیان تەواو بووە و ئازاد کراون، هاوكات لە کۆی گشتیی زیندانیانیش، هەزار و 958 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن یان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزادراون و 15 کەسیش بە لێبوردنی تایبەت ئازاد کراون

 

سەبارەت بە خزمەتگوزاری و پرۆسەی شیاندنەوەی سزادراوان بۆ گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازیی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کرد کە 534 سزادراو بەردەوامن لە خوێندن کە 150 کەسیان لە قۆناغی زانکۆ و پەیمانگاکانن، هەروەها 411 سزادراو لە وەرشەکانی کارکردندا هەلی کاریان بۆ ڕەخسێنراوە و 226 سزادراویش لە سەنتەرەکانی تایبەت بە ئالوودەبووان شیاندنەوەیان بۆ کراوە

 

 

لە لایەکی دیکەوە، لەم ماوەیەدا سزادراوان زیاتر لە 40 هەزار جار سەردانی بنکە تەندروستییەکانی نێو چاکسازییەکانیان کردووە و نزیکەی 36 هەزار جاریش سەردانی کتێبخانەکان کراوە بۆ خوێندنەوەی پەڕتووک، لە کاتێکدا سێ هەزار و  880 سزادراو ژوانگەی خێزانیان وەرگرتووە، 161 کەسیش مۆڵەتی چوونە ماڵەوەیان پێدراوە و 238 خولی مەشق و ڕاهێنانیش بۆ کارمەندان و سزادراوان کراونەتەوە.

 

62 جار خوێندراوەتەوە