لە سلێمانییەوە بۆ لەندەن؛ نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لە هەرێمی کوردستان دادەڕێژرێت

KNN : Kurdish News Network
09:58 - 06/07/2026
کوردستان
+
-

ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بە هاوبەشی لەگەڵ چەند دامەزراوەیەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، سێیەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی خۆی بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لە زانکۆی سۆواس (SOAS) لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ڕێکدەخات. کۆڕبەندەکە کە بڕیارە لە ڕۆژانی هەشت و نۆی تەممووزی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستانەوە دانپێدانراوە وەک یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی لە بوارەکەدا.

کۆڕبەندەکە لەژێر ناونیشانی "ڕیفۆرمی میدیایی لە ناوچەکانی پاش ململانێ: کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتیی لەسەر نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی کوردستان" بەڕێوەدەچێت. لەم خولەدا زیاتر لە بیست ناوەندی ئەکادیمی و پەنجا توێژەر و کەسایەتیی ئەکادیمی لە هەشت وڵاتی جیاوازەوە بەشداری تێدا دەکەن. هاوکات، دەزگاکانی کانگا و دیدگا، لەگەڵ هاوپەیمانێتیی ڕیفۆرمی میدیایی بەریتانیا و سەنتەری لێڤەرھیوڵم لە زانکۆی گۆڵدسمیس، وەک هاوبەشی سەرەکی بەشدارن.

وەک دەستکەوتێکی زانستی بۆ بەشداربووان، گۆڤاری نێودەوڵەتیی میدیای دیجیتاڵی و سیاسەت (JDMP) کە لە ئیندێکسی جیهانیی سکۆپەس تۆمارکراوە، ژمارەیەکی تایبەتی بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکانی کۆڕبەندەکە تەرخان کردووە. پرۆسەی وەرگرتنی پوختەی توێژینەوەکانیش تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی داهاتوو بەردەوام دەبێت و بڕیارە لە مانگی ئاداری ساڵی دوو هەزار و بیست و هەشتدا بە فەرمی بڵاوبکرێنەوە.

لە لێدوانێکدا سەبارەت بە گرنگیی کارەکانیان، دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس، سەرۆکی ڕێکخراوی چمک ڕایگەیاند، دەستپێشخەرییەکانیان لەسەر سێ ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی کار دەکات بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و بنیاتنانی ژێرخانێکی یاسایی سەربەخۆ. ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجیانە هەرێمی کوردستان بکەنە مۆدێلێکی پێشەنگ بۆ چاکسازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و چمک لە چاودێرەوە دەبێتە ئەندازیاری نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لە دە ساڵی داهاتوودا.

69 جار خوێندراوەتەوە