دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە بنکەی گومرگی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک دەستبەسەر بڕی 226 هەزار دۆلاری ئەمریکیدا گیراوە کە گەشتیارێک هەوڵی داوە بە قاچاخ بیباتە دەرەوەی وڵات.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە کاتی پشکنیندا لە هۆڵی ڕۆیشتنی فڕۆکەخانەی کەرکوک، ئەو بڕە پارەیە بەردەست گەشتیارێکدا گیراوە کە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بووە. دەستەی گومرگەکان ڕوونیشیکردووەتەوە کە بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی بنکەکە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ سەرپێچییەکە کراوەتەوە و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر گەشتیارەکە گیراوەتەبەر.
دەستەی گشتیی گومرگەکان جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هەڵمەتەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی قاچاخچێتی و پاراستنی ئابووریی نیشتمانی بەردەوام دەبێت و بە توندی و بڕیارەوە ڕێگری لە هەر جۆرە سەرپێچییەک دەکەن.
70 جار خوێندراوەتەوە