عەلی زەیدی: سازش لەگەڵ گەندەڵکاران ناکەین

KNN : Kurdish News Network
03:02 - 04/07/2026
عێراق
+
-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بریکار و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتەکە، چەندین دۆسیەی ئەمنی و کارگێڕیی تاوتوێ کرد.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، زەیدی ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆی کرد لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاووڵاتییان، پێویستە کارمەندانی وەزارەت بەوپەڕی ڕێز و بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ مامەڵە بکەن و بەدوور بن لە هەر جۆرە دەستێوەردانێکی حزبی.

 

سەبارەت بە پرسی گەندەڵی، سەرۆک وەزیران دووپاتیکردەوە کە حکومەت بەردەوامە لە ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران بۆ گێڕانەوەی مافی هاووڵاتییان. وتیشی: "وەزارەتی ناوخۆ دەستی حکومەتە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هیچ سازشێک لەگەڵ هیچ گەندەڵکارێک ناکەین، سەرباری ئەوەی سەر بە هەر لایەنێک بێت." هەروەها ڕێنماییەکانی بۆ دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی و هێزە ئەمنییەکان نوێکردەوە بۆ چڕکردنەوەی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی کە ئێستا بووەتە داواکارییەکی جەماوەری.

 

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆک وەزیران سوپاسی هەڵوێستی هەریەکە لە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرجەم هێزە سیاسییەکان و سەرۆک هۆزەکانی کرد بۆ پشتیوانییان لە هەڵمەتی حکومەت دژی گەندەڵی.

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئالیەت و ڕێنماییەکانی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوە و خانەنشینکردنی ئەفسەران تاوتوێ کرا و دەنگ لەسەر پلەبەرزکردنەوەی ژمارەیەک ئەفسەر لە ڕیزبەندی عەمید بۆ لیوا و لە لیوا بۆ فەریق درا. فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختیکردەوە کە هەموو ئەفسەران بەپێی ماف و شایستەیی خۆیان پلەیان بەرز دەکرێتەوە و مافی هیچ کەسێک لە وەزارەتەکەدا ناخورێت.

66 جار خوێندراوەتەوە