روانگەی
"عێراقی سەوز" بۆ ژینگە، ئەمڕۆ یەکشەممە، قەبارەی ئەو زیانە داراییانەی
خەمڵاند کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بەر وڵات دەکەوێت و ڕایگەیاند، لە
هەر ڕۆژێکدا پلەی گەرما 50 پلەی سەدی تێپەڕێنێت، عێراق 150 ملیۆن دۆلار زیان
دەکات، هاوکات هۆشداریش دەدات لە لێکەوتەکانی لەناوبردنی باخەکان و سەوزایی، لەگەڵ
دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەلایەن مۆلیدە ئەهلییەکانەوە.
روانگەکە لە
ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق بە شێوەیەکی مەترسیدار ڕووبەڕووی
گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوا بووەتەوە، بە جۆرێک ئێستا لە پایتەخت و پارێزگاکانی
بەسرە و میسان ساڵانە لە نێوان 25 بۆ 40 ڕۆژ پلەکانی گەرما 50 پلەی سەدی
تێدەپەڕێنن، لە کاتێکدا پێش ساڵی 2010 ئەو ڕێژەیە تەنیا سێ بۆ پێنج ڕۆژ بووە لە
ساڵێکدا، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی پێوانەییە کە لە 15 ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٪800
سەبارەت بە
هۆکاری ئەو زیانە داراییەی کە ڕۆژانە بە 150 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە، روانگەکە
دەریخستووە کە پەیوەندیی بە پچڕانی بەردەوامی کارەبا، وەستانی بەشێک لە کارگەکان،
زیادبوونی بەکارهێنانی سووتەمەنی و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانەوە هەیە لە هەردوو
کەرتی گشتی و تایبەتدا، جەختیشیکردووەتەوە کە کۆی گشتیی زیانەکانی هاوینی ساڵی
ڕابردوو (2025) نۆ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
لە ڕووی
تەندروستی و ژینگەییەوە، ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە کە تەنیا لە مانگی تەممووزی ساڵی
ڕابردوودا نەخۆشخانەکانی عێراق نزیکەی 3200 حاڵەتی تووشبوون بە گەرمابوون و
هەتاودانیان تۆمارکردووە، جگە لە وشکبوونی ٪60ی درەختی سەر شەقامەکان بەهۆی
قەتیسبوونی گەرمی و زیادبوونی خۆڵبارین بە ڕێژەی ٪70.
روانگەکە
هۆکاری ئەم بەرزبوونەوە تیژەی پلەکانی گەرمای بۆ لەناوبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان
گەڕاندووەتەوە، کە تەنیا بەغدا ٪85ی باخەکانی لەدەستداوە و بووەتە شارێکی کۆنکرێتی
کە بە ڕۆژ گەرما هەڵدەمژێت و بە شەو دەری دەداتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ
بەردەوامیی سووتاندنی غازی یاوەری نەوت کە بەهۆیەوە ملیۆنان تۆن گازی گەرمکەرەوە
دەردەدرێت، زێدەباری پشتبەستنی زۆر بە مۆلیدە ئەهلییەکان کە پیسبوونێکی ژینگەییی
توند لە پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە دروست دەکەن.
114 جار خوێندراوەتەوە