عەلی فالح
زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان دەکات زانیاری لەسەر ئەو
سامان و پارە گشتییانە بدەن کە لە ڕێگەی تاوانەکانی گەندەڵییەوە بەدەست هاتوون،
ئەوەش بەمەبەستی هاوکاریکردن لە ئاشکراکردن و گێڕانەوەیان بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
نووسینگەی
ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەم هەنگاوە لە
سۆنگەی بەرپرسیارێتیی شەرعی، ئەخلاقی و نیشتمانییەوە دێت، لەگەڵ پەرۆشیی سەرۆک
وەزیران بۆ پاراستنی سامانی گشتی و پابەندبوون بە کارنامەی حکومەتەوە.
لە بەشێکی
دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، سەرۆک وەزیران فەرمانیداوە بە پێدانی ڕێژەیەکی دارایی
شایستە بەو کەسانەی کە زانیارییەکان ئاشکرا دەکەن، ئەوەش بەپێی یاسا و وەک
پێزانینێک بۆ ڕۆڵی نیشتمانییان و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی
گەندەڵی، بڕیاریشە لە ماوەی داهاتوودا لینکی تایبەت بە پەیوەندیکردن و گەیاندنی
زانیارییەکان لەو بارەیەوە ڕابگەیەنرێت.
127 جار خوێندراوەتەوە