پەرلەمانی عێراق داوای کردنەوەی حەوت دۆسیەی گەورەی گەندەڵی دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:48 - 02/07/2026
عێراق
+
-

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، داوای کردنەوەی حەوت دۆسیەی گەورەی گەندەڵی کرد، کە دیارترینیان دۆسیەی سپاردە باجییەکانە کە بە "دزی سەدە" ناسراوە، لەگەڵ چەندین دۆسیەی دیکەی پەیوەست بە کەرتەکانی کارەبا، وەبەرهێنان، ئاوەدانکردنەوە، تەندروستی، گواستنەوە و گرێبەستەکانی پڕچەککردن. هاوکات جەختی لە گرتنەبەری رێکاری چاودێری و یاسایی کردەوە بۆ لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان و پاراستنی سامانی گشتی

 

بەپێی داواکارییەکانی ئەنجومەنەکە، یەکەم دۆسیە بریتییە لە گەندەڵییەکانی باج و لە پێشەنگیاندا "دزی سەدە"، کە بە یەکێک لە گەورەترین کەیسەکانی گەندەڵی و بەهەدەردان لە مێژووی عێراقدا هەژمار دەکرێت. دۆسیەی دووەمیش تایبەتە بە کەرتی وزە و خەرجکردنی بودجەی زەبەلاح بۆ گرێبەستەکانی کارەبا، هەروەها پێدانی چەند وێستگەیەکی حکومی بە وەبەرهێنان کە بە "ستەمکارانە" وەسف کراوە، سەرباری بەردەوامیی شکستەکان لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و چاککردنەوەدا

 

لە بەشێکی دیکەی داواکارییەکاندا، کەرتی وەبەرهێنان وەک یەکێک لەو دۆسیانە دیاری کراوە کە پێویستە بکرێتەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە گەندەڵی و پشێوی لە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون، پیشەسازی، بازرگانی و پەروەردەییەوە هەیە، کە بووەتە هۆی بەهەدەردانی بڕە پارەیەکی زۆری سامانی گشتی. هەروەها داوای کردنەوەی دۆسیەی نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە کراوە، بەهۆی بوونی گومانی گەندەڵی لە گرێبەستی پڕۆژەکان و هەڵاوسانی گەورە لە تێچووی جێبەجێکردنیاندا

 

لە درێژەی لیستەکەدا، دۆسیەکانی دیکە بریتین لە کەرتی تەندروستی و گەندەڵی لە نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکان و گرێبەستەکانی هاوردەکردنی دەرمان، لەگەڵ کەرتی گواستنەوە لە رێگەی لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکانی بەکارخستنی بەندەرەکان و گەندەڵییەکانی ئەم دواییەی هێڵی ئاسنین. دۆسیەی کۆتاییش تایبەتە بە گرێبەستە وەهمییەکانی پڕچەککردن و کڕینی ئامێر و کەلوپەلی شکستخواردوو لە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ. ئەنجومەنی نوێنەران جەختیشی لە گرنگیی بەدواداچوونی ئەم دۆسیانە کردەوە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت

107 جار خوێندراوەتەوە