راوێژکاری
یاسایی، دادوەر مونیر حەداد، وردەکاریی و پێشهاتە نوێیەکانی پەیوەست بە هەڵمەتی
بەردەوامی حکومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاشکرا دەکات و
رایدەگەیەنێت؛ قەبارەی ئەو پارەیەی لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکو ئێستا لە عێراق
بەتاڵان براوە، زیاترە لە دوو تریلیۆن دۆلار. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە
دادگاییکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی بەشێوەیەکی ئاشکرا دەبێت و ژمارەی دزییەکان و
موڵکەکانی تۆمەتبارانیش لە سەرووی ئاستی عەقڵ و لۆژیکەوەن.
لە لێدوانێکدا
ئەو راوێژکارە یاساییە ئاماژەی بەوە کردووە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تۆمەتبارانەی
دەستگیرکراون بەردەوامە و ئامارێکی کۆتایی بۆ ژمارەی دەستگیرکراوەکان نییە، چونکە
بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هەڵمەتە رۆژانەکانەوە ژمارەکە لە زیادبووندایە.
روونیشیکردووەتەوە، دانپێدانانی وردی تۆمەتبارە سەرەکییەکان وایکردووە دەزگا ئەمنی
و دادوەرییەکان تۆمەتباری دیکە دەستگیربکەن، لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان
هاوئاهەنگییەکی باشی هەبووە و تاوەکو ئێستا هەشت تۆمەتباری رادەستکردووەتەوە کە
هەوڵی هەڵاتن و خۆحەشاردانیان دابوو.
دادوەر مونیر
حەداد دەڵێت: "لیستی تۆمەتباران گەورەبەرپرسانی تێدایە، لەنێویاندا بەرپرسانی
پێشوو، ئێستا و پەرلەمانتاران، تاوانەکانیش تەنها بریتی نین لە بردنەدەرەوەی پارە،
بەڵکو کەیسەکانی هەڵئاوسانی ناسروشتیی سامانی دارایی دەگرێتەوە کە دەچێتە
چوارچێوەی تاوانەکانی سپیکردنەوەی پارە و پرسیاری (لەکوێت بوو؟)ـیان
لێدەکرێت." باسی لەوەشکردووە، ژمارە دەستبەسەرداگیراوەکانی لای بریکاری
وەزارەتەکان و بەرپرسان جێگەی باوەڕپێکردن نین، بەجۆرێک هاوژینی یەکێک لە
تۆمەتبارەکان بە بڕی پێنج ملیۆن دۆلار موڵکێکی کڕیوە، جیا لەوەش بەرپرس هەبووە
زیاتر لە 50 موڵکی بەناوی خۆی و خێزانەکەیەوە تۆمارکردووە.
سەبارەت بە
لێپرسینەوەکانیش، ئەو راوێژکارە یاساییە هێمای بۆ ئەوە کردووە کە یاساکانی عێراق
پەیوەست بە پاراستنی ماڵی گشتی، لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەکەن بە
دادگاییکردن و لێپرسینەوە لەو کەس و لایەنانەی کە هۆکاربوون بۆ دانانی ئەو
گەندەڵکارانە لە پۆستە هەستیارەکاندا. جەختیشی کردووەتەوە، سەرجەم پارە
گەڕێندراوەکان و ئەو موڵکانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، بۆ خەزێنەی دەوڵەت
دەگەڕێندرێنەوە. هاوکات پشتیوانی نێودەوڵەتی بەهێز بۆ هەڵمەتەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە و ناوبراو رەتی کردووەتەوە ملکەچی هیچ جۆرە
فشارێکی سیاسیی ببێت.
لەبارەی
فراوانبوونی هەڵمەتەکەش، دادوەر حەداد ئاشکرایکردووە، ژمارەیەک تۆڕی گەندەڵی لە
پارێزگاکان هەڵوەشێندراونەتەوە، لەوانەش دەستگیرکردنی زیاتر لە 28 کەس لە
فەرمانگەی کارەبای بەسرە، هەڵمەتەکەش بێ جیاوازی فەرمانگەکانی ناسڕییە، عیمارە و
تەواوی پارێزگاکانی دیکە دەگرێتەوە. بڕیاریشە دادگاییکردنی تۆمەتبارەکان هاوشێوەی
دادگاییکردنی سەرانی رژێمی پێشوو، بەشێوەی ئاشکرا و کراوە بێت بۆ هاووڵاتییان، هیچ
دەرفەتێکیش نییە بۆ ئازادکردنی ئەو تۆمەتبارانەی تاوانەکانیان بەسەردا
ساخبووەتەوە، تەنانەت ئازادکردن بە کەفالەتیش رێوشوێنی توندی پێویستە و قەبارەی
کەفالەتەکە دەبێت هێندەی ئەو پارەیە بێت کە دزراوە.
47 جار خوێندراوەتەوە