ئەنجوومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانێکی فەرمی بۆ بەرزکردنەوەی پلەی 682 ئەفسەری
سەربە وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەرکرد و بڕیارەکەش لە ئەمڕۆوە
دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی
فەرمانەکە کە بە ژمارە (1905) بە واژووی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە کە پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی
ژمارە (142) لە 28ی حوزەیرانی 2026 بڕیار دراوە بە بەرزکردنەوەی پلەی ئەو
ئەفسەرانەی ناویان لە خشتەکەدا هاتووە. پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەکە لە زنجیرەی یەکەم
بەناوی عەقید (عومەر فارووق عەبدولعەزیز) دەستپێدەکات و بە زنجیرەی (682) بەناوی
مولازم (کەیوان عومەر عارف) کۆتایی دێت.
بڕیارەکە
پاڵپشت بە ماددەی (10) لە یاسای ڕاژە و خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی فیدراڵی
ژمارە (18)ی ساڵی 2011ی بەرکار لە هەرێمی کوردستان دەرچووە، کە تایبەتە بە خشتەی (9ی
کانوونی دووەمی 2025). لە فەرمانەکەدا ئەوەش هاتووە کە بڕیار دراوە بە جێگیرکردنی
سووڕانەوەی خزمەت (تدویر) بۆ ژمارەیەک لەو ئەفسەرانە بۆ پلەی داهاتوویان.
فەرمانەکەی
ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕێکەوتی دەرچوونییەوە کە ٢2ی تەممووزی 2026ـە جێبەجێ
دەکرێت، لەپێناو خستنەبواری جێبەجێکردنیشەوە، وێنەیەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتیی
هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ، و وەزارەتی دارایی و ئابووری کراوە.
220 جار خوێندراوەتەوە