بای بەهیز بەشێک لە ناوچەکان دەگرێتەوە و شەپۆلێکی بەتینی گەرماش بەڕێوەیە

KNN : Kurdish News Network
09:54 - 01/07/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات، لە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممەوە شەپۆلێکی بای باکووری ڕۆژهەڵات ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین بگرێتەوە و خێراییەکەی بگاتە سەروو 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، هاوکات هۆشداریش دەدات لە هاتنی شەپۆلێکی گەرمای بەتین لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا.

 

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، لە کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە (1ی تەممووزی 2026)ەوە، بای باکووری ڕۆژهەڵات بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین چالاکتر دەبێت، بە جۆرێک خێراییەکەی لە نێوان 15 بۆ زیاتر لە 50 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا و کاریگەرییەکەی بە شێوەی پچڕپچڕ تا ئێوارەی سبەینێ پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و پاشان ئاسایی دەبێتەوە.

 

لەبارەی گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرماش، ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، لە دە ڕۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا بەرزترین پلەکانی گەرما لە ئاستێکی جێگیردا دەبن، بەڵام لە کاتەکانی شەو و بەرەبەیاندا پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو کەمتر نزم دەبنەوە.

 

لە کۆتایی پێشبینییەکانیدا، ئاراس جەبار ئاشکرای کردووە کە ئەگەرێکی زۆر هەیە لە ڕێکەوتی 11ی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی گەرمای بەتین ناوچەکان بگرێتەوە، ئەمەش لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی گۆڕانکاریی زیاتر لە کەشوهەوادا.

397 جار خوێندراوەتەوە