دادگای باڵای
تاوانەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند، دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی سزای
لەسێدارەدانی بەپەت بۆ تاوانبار (عەجاج ئەحمەد حەردان) پەسەندکرد، ئەمەش دوای
ساغبوونەوەی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی، دژە مرۆڤایەتی، دەستدرێژیی سێکسی و کوشتنی
دەستبەسەرکراوانی قوربانییانی پرۆسەی ئەنفال بەسەریدا.
سەعد لامی،
سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکان لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تاوانبارەکە
بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی ئەو هاووڵاتییە کوردە بێچەکانەی لە
پرۆسەکانی ئەنفال ڕزگاریان ببوو.
ڕوونیشیکردەوە:
"تاوانبار عەجاج حەردان، تاوانی دڕندانەی بەرامبەر بە دەستبەسەرکراوانی
گرتووخانەی نوگرە سەلمان ئەنجامداوە، کە خۆی لە برسی و تینووکردن و ئەشکەنجەدانیان
تاوەکو مردن دەبینێتەوە، سەرباری ئەنجامدانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژمارەیەک لە
ژنان، کە ئەمانە بنەمای سەرەکیی سەپاندنی سزاکەن بەسەریدا."
سەرۆکی دادگای
باڵای تاوانەکانی عێراق باسی لەوەشکرد، کەیسەکە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار دەکرێت
بەمەبەستی تاوتوێکردن و دەرکردنی مەرسوومێکی کۆماری بۆ پەسەندکردنی سزاکە. پێشتریش
لە (14ی ئایار)دا، سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو تاوانبارەدا سەپێنرابوو، پێش ئەوەی
لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە پەسەند بکرێت و بەپێی ڕێکارە یاساییەکان پلەی کۆتایی
(بنەبڕ) وەربگرێت.
67 جار خوێندراوەتەوە