دوای کشانەوەی ڕووسیا؛ وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێککەوتنێکی لەگەڵ شیڤرۆنی ئەمریکی واژۆکرد

KNN : Kurdish News Network
11:56 - 01/07/2026
عێراق
+
-

بە چاودێریی وەزیری نەوت، کۆمپانیای نەوتی بەسرە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێککەوتنێکی تایبەت بە پاراستنی نهێنیی زانیارییەکانی لەگەڵ کۆمپانیای "شیڤرۆن"ـی ئەمریکی واژۆ کرد. ڕێککەوتنەکە بەمەبەستی ڕێکخستنی ئاڵوگۆڕی زانیارییە بۆ هەڵسەنگاندنی کێڵگەی نەوتیی "قورنەی دوو" و ئەنجامدانی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنەکانی داهاتوو لە نێوان هەردوو لادا.

 

باسم محەمەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق لەمیانی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا ڕایگەیاند، کێڵگەی قورنەی دوو یەکێکە لە کێڵگە نەوتییە زەبەلاحەکان و پێشتریش کۆمپانیای "لوک ئۆیڵ"ـی ڕووسی لە پرۆسەی پەرەپێدانی کێڵگەکە کشاوەتەوە.

 

وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەیان ڕووبەرێکی فراوانی بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان، لە نێویاندا شیڤرۆنی ئەمریکی، ڕەخساندووە بۆ وەبەرهێنان و ژینگەیەکی سەلامەت و سەرنجڕاکێشیان بۆ کارکردنیان ئامادە کردووە و تەواوی ئاستەنگەکانی بەردەمیان چارەسەر دەکەن. جەختیشی کردەوە، عێراق کار دەکات بۆ ئەوەی ببێتە پێشەنگ لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردندا، بە جۆرێک کە خزمەت بە گەشەپێدانی پیشەسازی و ئابووریی وڵات بکات.

 

عەبادی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە، ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ دەکرێن دەبنە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کۆمپانیا ناوخۆییەکان و دەستی کاری عێراقی، لەگەڵ پەرەپێدانی ژێرخانی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە نزیک پڕۆژەکان لە ڕێگەی قازانجی کۆمەڵایەتییەوە.

 

لە ئێستاشدا وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی دیکەی وەبەرهێنان، سەرباری کارکردن لە کێڵگەی قورنەی دوو.

80 جار خوێندراوەتەوە