سەرۆک وەزیرانی عێراق: هەوڵەکانمان بۆ بەبەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو بەردەوامن
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەخت لە پشتیوانیکردنی دامەزراوەکانی تایبەت بە بیرەوەریی نیشتمانی، بەردەوامیدان بە بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو و چەسپاندنی بەهاکانی دادپەروەری دەکاتەوە لە پێناو بەدەستهێنانی مافی قوربانیان
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، ئەوەش بە ئامادەبوونی وەلید عەبدولحەسەن سەهلانی، سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی. ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی هاوبەش بووە کە پەیوەستن بە قوربانیانی ڕژێمی دیکتاتۆریی لەناوچوو و مافی خێزانەکانیان
لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە سەبارەت بە کاروباری شەهیدان، قوربانیانی ئەنفال و زیندانیانی سیاسی، بە شێوەیەک کە مافی ئەو توێژە قوربانیدەرانە پارێزراو بێت و هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ چاودێریکردن و بەدەمەوەچوونی کەسوکاریان
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە گرنگییەوە باسی لە پشتیوانیکردنی ئەو دامەزراوانە کردووە کە پەیوەستن بە پاراستنی بیرەوەریی نیشتمانییەوە و دووپاتیکردووەتەوە، پێویستە کارەکان بەردەوام بن بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو، بۆ ئەوەی بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی بچەسپێنرێن و هۆشیاریی نیشتمانی لای نەوەکانی داهاتوو بەهێزتر بکرێت.
140 جار خوێندراوەتەوە