وەزیری خوێندنی
باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بڕیاری کۆتایی لەبارەی کەیسی د.
عەبدوللەتیف ئەحمەد، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی
دەرکرد و سزای دوورخستنەوەی هەتایی (العزل)ی بەسەردا سەپاند.
بەپێی
فەرمانێکی وەزاری کە واژۆی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و
توێژینەوەی زانستیی لەسەرە و ئەمڕۆ چوارشەممە (1ی تەممووزی 2026) دەرچووە، ئاماژە
بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەو لیژنەیە کراوە کە لەلایەن زانکۆی سلێمانییەوە بە
ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی بۆ دۆسیەی ئەو مامۆستایە پێکهێندرابوو. لە
فەرمانەکەدا هاتووە، بە پشتبەستن بە یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە (14)ی
ساڵی 1991، بڕیار درا بە پێدانی سزای "لەکارلادان و دوورخستنەوەی
هەتایی" بە د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا.
دەرکردنی ئەم
بڕیارە دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەند تۆمارێکی
دەنگی و دەقی نامەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو مامۆستایەی زانکۆ تۆمەتبار کرا
بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە خوێندکارەکانی و قۆستنەوەی پیشەکەی بۆ ئەو
مەبەستە. هەر بەو هۆیەوە، زانکۆی سلێمانی لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکرد و دواتر
ئەنجامەکەی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد، تاوەکو لەلایەن وەزیرەوە پەسەند
کرا و سزای کۆتایی بەسەردا سەپێندرا.
79 جار خوێندراوەتەوە