وەزارەتی
دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری داهاتی باج و خانووبەرەی میری بۆ
حەوت ساڵی ڕابردوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کۆی داهاتەکە لە ساڵی 2019 تا کۆتایی
ساڵی 2025 زیاتر لە پێنج ترلیۆن و 415 ملیار دینار بووە.
لە چوارچێوەی
پەیڕەوکردنی بنەماکانی شەفافیەت و خستنەڕووی کار و چاکسازییەکانی وەزارەتەکە،
ئاماژە بەوە کراوە کە لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی
وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان، چەندین هەنگاوی چاکسازی لە بوارەکانی کارگێڕی،
دارایی، یاسایی و تەکنیکی جێبەجێ کراون. ئەم هەنگاوانەش ئامانج لێیان ڕێکخستنی
کارەکانی باج، کۆکردنەوەی داهات، و نەهێشتنی خۆدزینەوە بووە لە پێدانی باج.
بەمەبەستی
گەیشتن بەو ئامانجانە، وەزارەتی دارایی چەندین ڕێکاری گرتووەتەبەر، لەوانە:
بەسیستەمکردنی پڕۆسەی کاروباری باج و خانووبەرەی میری لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای
زانیاری، ڕێکخستنەوەی باج لە دەروازە سنوورییەکان، پۆلێنکردنی کۆمپانیاکانی گەورە
باجدەران، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لێخۆشبوون لە باجی زەوی پڕۆژەکانی
وەبەرهێنان، کەمکردنەوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکەکانی میری، و هەموارکردنەوەی پەیڕەوی
تیانووسی گرتنی بازرگانی.
لە کۆتایی
ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە زۆرترین ڕێژەی داهاتی باج و خانووبەرەی میری
لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە، هۆکارەکەشی بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا
گەورەکان و بەرزیی ئاستی جووڵەی بازرگانی لە پایتەخت دەگەڕێتەوە، هاوکات باجی
هاوردە و هەناردەش بەتەواوی لە خاڵە سنوورییەکان و دەروازەکانەوە کۆدەکرێتەوە.
80 جار خوێندراوەتەوە