لە چەند هەفتەی
ڕابردوودا، ئێران هەوڵەکانی بۆ پاراستن و شاردنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی
ئاست بەرز چڕتر کردووەتەوە و لە ڕێگەی داڕووخاندنی تونێلەکان و مینڕێژکردنی
دەروازەکانەوە، ڕێگرییەکانی بەردەم گەیشتن بەو ماددانەی زیاتر کردووە. ئەم
هەنگاوەش دوای ئەو ترسانە دێت کە ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ
دەستبەسەرداگرتنی ئەو یۆرانیۆمە ئەنجام بدات، ئەمەش ئاڵۆزییەکی نوێی خستووەتە
بەردەم ڕێککەوتنە پێشنیارکراوەکەی ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ تاران بۆ لەناوبردنی ئەو
ماددە ئەتۆمییانە.
بەپێی زانیاریی
سەرچاوە ئاگادارەکان لە هەواڵگریی ئەمریکا کە قسەیان بۆ تۆڕی (سی ئێن ئێن) کردووە،
گەیشتن بەو نیو تۆنە لە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێستادا زۆر قورستر، مەترسیدارتر و
کاتگرترە بەراورد بە مانگێک پێش ئێستا، کاتێک دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا
ئاماژەی بەوە دابوو کە ڕەنگە فەرمان بە هێزەکانی ئەمریکا بکات دەستی بەسەردا بگرن.
ئەم قایمکارییە نوێیانەی ئێران پرسیار دروست
دەکات لەسەر ئەوەی کێ ئەو ئەرکە مەترسیدارە دەگرێتە ئەستۆ بۆ دەرهێنان و
لەناوبردنی یۆرانیۆمەکە کە بەشێکە لە مەرجەکانی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ و
کردنەوەی گەرووی هورمز.
شارەزایانی
بواری ئەتۆمیی ئەمریکا هۆشداری دەدەن کە ڕەنگە ئێران ئەم قایمکارییانە وەک
بیانوویەک بەکاربهێنێت و لە کاتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا بانگەشەی ئەوە بکات کە
بەشێک لە یۆرانیۆمەکە دەرهێنانەوەی مەحاڵە، تاوەکو لە داهاتوودا دەستی پێی
بگاتەوە.
کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی پێی وایە زۆرینەی ئەو یۆرانیۆمە لەناو تونێلە داڕووخاوەکانی کۆمەڵگەی
ناوەکیی ئەسفەهان لە ناوەڕاستی ئێران حەشاردراوە، لە کاتێکدا لە ناوەڕاستی مانگی
ئایاردا هێزەکانی ئەمریکا ئامادەکارییان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی وشکانی کردبوو بۆ
دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماددە ناوەکییانە، بەڵام دواتر بەهۆی مەترسییە زۆرەکانییەوە
ڕاگیرا.
224 جار خوێندراوەتەوە