ئەمڕۆ
چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی،
سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەی
ئاساییی خۆی ئەنجام دەدات. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکراوە بۆ گفتوگۆکردن
لەسەر نەخشەڕێگەیەک بەمەبەستی بەردەوامیدان بە دانوستانەکان لەسەر دۆسیە
هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و کابینەی وەزاریی نوێی حکومەتی فیدراڵی.
بەپێی
ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا
تاووتوێی سێ خاڵی گرنگ دەکرێت؛ یەکەمیان، پێشنیاری هێنانەکایەی دەستەیەکی باڵای
وەزاریی هەماهەنگیی هەمیشەییە، کە پێکهاتبێت لە وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیداری
هەردوو حکومەت. خاڵی دووەمیش، تایبەتە بە خستنەڕووی دوابەرهەم و ئەنجامەکانی
پەیوەست بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغدا و دەرئەنجامی دوایین کۆبوونەوەی نێوان
هەردوولا.
لە بەشێکی
دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی داهاتە ناوخۆییەکان و سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی
کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، کە تیایدا خشتەی داهاتەکان، کاریگەرییەکانی
دۆخی ناوچەکە، هەروەها یەکلانەکردنەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا و کاریگەرییەکەی لەسەر
کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ دەخرێنەڕوو.
80 جار خوێندراوەتەوە