لیژنەی دەستپاکی: قەبارەی دزیی سەدە دەگاتە نزیکەی 8 ترلیۆن دینار

KNN : Kurdish News Network
09:25 - 19/05/2026
عێراق
+
-

لە کاتێکدا داواکارییەکان بۆ بەدواداچوونی دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی لە عێراق زیاتر دەبن، دەستەی دەستپاکی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان، بەتایبەتی لە دۆسیەی "دزیی سەدە" کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان قەبارەی پارە براوەکان بۆ نزیکەی هەشت ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە.

 

تالیب بەیزانی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "گەڕاندنەوەی پارە براوەکان یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی دەستەی دەستپاکی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان"، جەختیشی کردەوە کە لیژنەکەیان بەردەوامە لە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق و لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە پارە دزراوەکان گەڕێنراونەتەوە، بەڵام هێشتا بڕێکی زۆر پارە لە دەرەوەی وڵاتن و پێویستیان بە ڕێوشوێنی یاسایی و دیپلۆماسی هەیە بۆ گەڕاندنەوەیان.

 

 باسی لەوەشکرد کە ئەم دۆسیەیە پێویستی بە هەماهەنگییەکی ئاستبەرز هەیە لە نێوان لایەنە چاودێری و جێبەجێکارەکان، لەگەڵ پشتیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کە ئەم پرسەی وەک کارێکی لەپێشینەی نیشتمانی داناوە.

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاکی ئاشکرایکرد، خەمڵاندنە سەرەتاییەکان بۆ دۆسیەی "دزیی سەدە" نزیکەی دوو ترلیۆن و نیو دینار بوون، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی دەریانیخستووە کە بڕە پارەکە زۆر لەوە زیاترە و گەیشتووەتە نزیکەی هەشت ترلیۆن دینار.

 

سەبارەت بە سامان و موڵکەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات، بەیزانی داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد کە بەپێی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو موڵک و سامانانەی کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشوو.

153 جار خوێندراوەتەوە