پەرلەمانتار
سعود ساعدی ئاشکرای دەکات، جوڵەیەکی سیاسی لەناو بەشێک لە هێزەکانی چوارچێوەی
هەماهەنگی دەستی پێکردووە بە ئامانجی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ لەناو
ئەنجومەنی نوێنەران، دیارترین بژاردەی ئەو جوڵەیەش لەکارخستنی سەرۆکی پەرلەمانە.
سعود ساعدی، لە
لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: "هەندێک هێزی سیاسی دەستیان کردووە بە
جوڵە بە ئاراستەی دووبارە ڕێکخستنەوەی دیمەنی پەرلەمانی، لەنێو دیارترین ئەو
بژاردانەی خراونەتەڕووش، لەکارخستنی هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانە بەهۆی شێوازی
بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی ئەم دواییەوە".
سەبارەت بە
قەبارەی جوڵەکە، ئەو پەرلەمانتارە خستیەڕوو، پێدەچێت هاوپەیمانییە چاوەڕوانکراوەکە
لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هێزە سیاسییەکانی دیکەش لەخۆبگرێت،
لەگەڵ ئەگەری پەیوەندیکردنی پەرلەمانتارانی ناو هاوپەیمانییە جیاوازەکان.
ڕوونیشیکردەوە کە پێدەچێت ژمارەی پەرلەمانتارانی ئەم جوڵەیە لە (140) پەرلەمانتار
تێپەڕ بکات.
ساعدی باسی
لەوەش کردووە، بەشێک لە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پێیانوایە کێشە
بنەڕەتییەکە لە بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتیی پەرلەماندایە، ئەوەش وایکردووە گۆڕینی
سەرۆکی پەرلەمان وەک پێشینەیەکی سیاسی لە قۆناغی ئێستادا تاوتوێ بکرێت، ئەم
جوڵانەش لە چوارچێوەی دووبارە کێشانەوەی هاوسەنگیی هێزەکاندایە لەناو پەرلەماندا.
گۆڕەپانی
سیاسیی عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆز و گرژیی پەرەسەندوودا تێدەپەڕێت لەناو پەرلەمان،
ئەوەش لەپاش ئەو ناکۆکییانەی لە کۆتا دانیشتنی دەنگداندا دروستبوون و بوونە هۆی
لێکترازانێکی توند لەنێوان فراکسیۆنە سیاسییەکان، بەتایبەتی لەناو هێزەکانی
چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانییەکانی دیکەی پەرلەمان.
358 جار خوێندراوەتەوە