عەلی زەیدی: دادپەروەری، هەلیکار و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە پێشینەی کارەکانمانە

KNN : Kurdish News Network
02:00 - 16/05/2026
عێراق
+
-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە یەکەم وتاری فەرمیدا دوای وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان، کارنامە و لەپێشینەکانی حکومەتەکەی ڕاگەیاند و جەختی لە ئەنجامدانی چاکسازیی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کردەوە. زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتەکەی لە ساتەوەختێکی هەستیاری مێژووییدا بەرپرسیارێتییەکەی گرتووەتە ئەستۆ، کە پێویستی بە ڕاستگۆیی و کارکردنی جیدی هەیە بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراقییەکان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەپێشینەی کارەکانیان جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی چاکسازیی ئابووری و دارایی گشتگیرە بە ئامانجی بونیادنانی ئابوورییەکی نیشتمانیی بەهێز کە تەنها پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەستێت، بەڵکو کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و وەبەرهێنان ببوژێنێتەوە و ڕۆڵی کەرتی تایبەت کارا بکات. هەروەها، جەختی لە پاراستنی ماڵی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی توندی هەموو جۆرەکانی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی کردەوە، کە بەوتەی ئەو بووەتە ئاستەنگی گەورە لەبەردەم گەشەپێدان و پەکخستنی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، زەیدی پابەندبوونی حکومەتەکەی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەتایبەت تەندروستی، پەروەردە و ژێرخانی کارەبا، ئاو، ڕێگاوبان و نیشتەجێبوون دووپات کردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، گەنجان گەورەترین سامانی وڵاتن و کەمکردنەوەی بێکاری و ڕەخساندنی هەلی کار لە ئەولەویەتەکانیان دەبێت. لە کۆتاییشدا، جەختی لە پاراستنی سەروەریی عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کردەوە، و سوپاسی مەرجەعیەتی باڵا و سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کرد بۆ پشتیوانییان لە پێکهێنانی حکومەت.

48 جار خوێندراوەتەوە