ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە بەشداری 266 پەرلەمانتار کۆبووەوە و بە شێوەیەکی ناتەواو متمانەی بەخشیوە بە کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی. لە کۆی 19 کاندید کە پێشکەشی پەرلەمان کرابوون، 14 وەزیر متمانەیان وەرگرت و 5 کاندیدی دیکەش ڕەتکرانەوە
دانیشتنەکە کە کارنامەکەی تەنها یەک خاڵ بوو ئەویش متمانەبەخشین بوو بە حکومەتی نوێ، گرژیی و بایکۆتی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی بەخۆیەوە بینی
بەپێی ئەنجامی دەنگدانەکە، کاندیدەکانی هەریەکە لە وەزارەتەکانی (خوێندنی باڵا، ناوخۆ، نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە، پلاندانان، و ڕۆشنبیری) نەیانتوانی دەنگی پێویست بهێنن و ڕەتکرانەوە. جگە لەو پێنج وەزارەتە، پێنج وەزارەتی دیکەش ماون کاندیدیان بۆ دیاری بکرێت، کە بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە تا ئێستا ڕێککەوتنیان لەسەر نەکراوە
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، سەرۆک وەزیران و ئەو 14 وەزیر متمانەیان وەرگرتبوو، سوێندی دەستوورییان خوارد و دانیشتنەکە کۆتایی هات
118 جار خوێندراوەتەوە