سەدر بۆ هێزەکانی: تەنیا ئۆتۆمبێلی چینی و کۆری بەکاربهێنن

KNN : Kurdish News Network
03:42 - 13/05/2026
عێراق
+
-

نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، کۆمەڵێک ڕێنمایی و بڕیاری نوێی بۆ سەرکردە و ئەندامانی سەرایا سەلام دەرکرد، کە تێیدا چەندین مەرجی توند سەبارەت بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل، هەڵگرتنی چەک و شێوازی دەرکەوتنیان دیاری کراوە.

 

بەپێی بەڵگەنامەکە، کە رێکەوتی ئەمڕۆ (12ی ئایاری 2026)ی لەسەرە، سەدر فەرمانی کردووە کە بەرپرسانی فیرقە و لیواکان لە کاتی ئەرکدا، بۆیان هەیە بە زۆرترین حاڵەت تەنها چوار ئۆتۆمبێل بەکاربهێنن، ئەویش بە مەرجێک ئۆتۆمبێلەکان تەنها دروستکراوی کۆمپانیاکانی "کۆریا و چین" بن.

 

هاوکات بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی ڕەش و دانانی وێنەی بنەماڵەی سەدر یان ناوی (سەرایا سەلام) لەسەر ئۆتۆمبێلەکان بەتەواوی قەدەغە کراوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕێنماییەکاندا هاتووە کە، دەبێت سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان تابلۆ و بەڵگەنامەی فەرمییان هەبێت و بەکارهێنانی جامڕەش قەدەغەیە، جگە لەو ئۆتۆمبێلانەی کە تایبەتن بە ئەرکە ئەمنییەکان.

 

هەروەها چوونە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلی فەرمیی سەرایا سەلام بۆ ناو مەزارگە پیرۆزەکان و فەرمانگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت قەدەغە کراوە.

 

لە کۆتاییشدا سەدر جەختی کردووەتەوە؛ پێویستە هەمووان پابەندی یاساکانی هاتوچۆ بن و ڕێز لە خاڵە پشکنینە ئەمنییەکان بگرن، هەر ئەندامێکیش دەبێت نوسخەیەک لە قورئانی پیرۆز لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دابنێت و گرنگی بە دەرکەوتنی دەرەکی (جلوبەرگ، قژ و ڕیش) بدات بە شێوەیەک کە لەگەڵ ئادابی گشتیدا بگونجێت.

301 جار خوێندراوەتەوە