وەزارەتی بەرگریی عێراق دەنگۆکانی بوونی بنکەی سەربازیی نەناسراو لە بیابانی نەجەف ڕەتدەکاتەوە
وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئهمڕۆ سێشەممە، ڕایگەیاند کە بیابانی نەجەف بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێری هێزە ئەمنییەکاندایە و ئەو دەنگۆیانەشی کە باس لە بوونی جووڵە یان بنکەی سەربازیی نەناسراو دەکەن لەو ناوچەیە، دوورن لە ڕاستییەوە
وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە ئامادەبوونی سوپاسالاری عێراق و یاریدەدەری سوپاسالار بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکان، بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانییان بۆ بیابانی نەجەف ئەنجامداوە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و دڵنیابوونەوە لەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە
فەرماندە ئەمنییەکان جەختیان کردووەتەوە کە تەواوی بیابانەکە بەپێی پلانە سەربازی و هەواڵگرییە پەسەندکراوەکان پارێزراوە و هیچ چالاکییەکی گوماناوی تێدا نییە
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بەسەرکردنەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ پاراستنی ناوچە بیابانییەکان و ڕێگری لە هەر پێشێلکارییەک، وەزارەت جەختیشی کردووەتەوە کە "ڕاستییە مەیدانییەکان وەڵامی هەڵمەتە چەواشەکارییەکان دەدەنەوە" و پابەندی خۆیان بۆ پاراستنی سەقامگیری وڵات دووپاتکردووەتەوە.
61 جار خوێندراوەتەوە