پەرلەمانتارێکی
فراکسیۆنی "بەدر" ئاشکرای دەکات کە ناکۆکییە قووڵەکانی ناو ماڵی شیعە
(چوارچێوەی هەماهەنگی) لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان بەردەوامە و هۆشداریش دەدات
ئەگەر تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە کابینەی وزاری پێشکەش نەکرێت، عەلی زەیدی لە ئەرکی
پێکهێنانی حکومەتدا شکست دەهێنێت.
شاکر ئەبو
توراب تەمیمی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بەدر بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"ی
ڕاگەیاندووە، کێشەی گەورە لە نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر
وەزارەتەکانی (نەوت، ناوخۆ و دارایی) هەیە و ئەوەش بووەتە هۆی دواکەوتنی ناساندنی
کابینە نوێیەکە بە پەرلەمان. داواشی لە هێزە سیاسییەکان کرد بەرژەوەندی وڵات بخەنە
پێش بەرژەوەندیی حیزبی و دەستبەرداری ململانێی "ئەم وەزارەتەم دەوێت و ئەو
وەزارەتەم ناوێت" ببن.
تەمیمی ئاماژەی
بەوەش کرد، وەزارەتی ناوخۆ پشکی فراکسیۆنی بەدر بووە، بەڵام بۆ تێپەڕاندنی
قەیرانەکە دەستبەرداری بوون و دوو وەزارەتی دیکەیان (گەیاندن و گواستنەوە)
وەرگرتووە کە لە ئیستحقاقی سیاسی خۆیان کەمترە، بەڵام تا ئێستا کاندیدی ئەو دوو
وەزارەتەش یەکلا نەکراونەتەوە. جەختیشی کردەوە کە ئەگەر ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەی
متمانەدان بەڕێوە نەچێت، واتای ئەوەیە لایەنی سیاسی هەن دەیانەوێت عەلی زەیدی پەک
بخەن.
147 جار خوێندراوەتەوە