بەڕێوەبەرایەتی
گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لەپێناو پاراستنی ژینگە و پاکڕاگرتنی شەقامەکان،
بڕیارێکی نوێی دەرکرد کە تێیدا فڕێدانی زبڵ و خاشاک لەناو ئۆتۆمبێلەوە سزای دارایی
توندی بەدوادا دێت.
بەپێی
بڕیارەکە، فڕێدانی هەر جۆرە پاشماوەیەک لەلایەن شۆفێر یان سەرنشینەوە، جا لە کاتی
ڕۆیشتن بێت یان وەستان، بەتەواوی قەدەغەیە و هەر ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێک سەرپێچی
بکات، بڕی (40) هەزار دینار سزای بۆ دەنووسرێت. ئەم هەنگاوەش بەپشتبەستن بە
نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ و بڕیاری ژمارە (79)ی ساڵی (2016)ی ئەنجومەنی وەزیران
جێبەجێ دەکرێت.
سەبارەت بە
شێوازی تۆمارکردنی سەرپێچییەکە، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونیکردووەتەوە کە ئەم سزایە
لەسەرجەم سیستمەکانی چاودێری وەکو کامێراکانی تیژڕۆیی و چاودێری و سیستەمی (PDA) جێگیر
دەکرێت. هەروەها ئەفسەرانی هاتوچۆ دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە لەکاتی بینینی
ڕووداوەکەدا ڕاستەوخۆ سەرپێچیکاران سزابدەن.
لە کۆتاییدا،
هاتوچۆی هەرێم داوا لە هاووڵاتییان دەکات ببنە هاوکار و لەکاتی بینینی هەر
سەرپێچییەکدا، وێنە یان ڤیدیۆی کەسی سەرپێچیکار بنێرن بۆ پەیج و پلاتفۆرمە
فەرمییەکانیان بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر بگیرێتەبەر و سزابدرێن.
66 جار خوێندراوەتەوە