ئێران: وەڵامەکەمان لۆژیکییە، بەڵام ئەمریکا بە عەقڵییەتی ئیسرائیل بیر دەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:28 - 11/05/2026
جیهان
+
-

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، وەڵامەکەیان بۆ لایەنی ئەمریکی داواکاریی لۆژیکی لەخۆگرتووە و بەرژەوەندییەکانی تەواوی ناوچەکەی لەبەرچاو گرتووە، لە بەرامبەریشدا واشنتۆن بەردەوامە لە پێداگریی لەسەر داواکارییە نالۆژیکییەکانی کە سەرچاوەکەیان ئیسرائیلە.

 

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەرگریی لە پێشنیازەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، ئەو وەڵامەی ئاراستەی لایەنی ئەمریکییان کردووە، کۆمەڵێک داواکاریی مەعقول و لۆژیکی لەخۆگرتووە کە تەواوی بەرژەوەندییەکانی ناوچەکەی تێدا لەبەرچاو گیراوە. لەو چوارچێوەیەشدا پرسیاری ئەوەی وروژاند کە ئایا داواکردنی ڕاگرتنی چەتەیی دەریایی دژی کەشتییەکانیان و ئازادکردنی ئەو سامانەی گەلی ئێران کە بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە لە بانکی وڵاتان بلۆک کراون، دەچێتە چوارچێوەی زیادەخوازییەوە؟

 

بەقایی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، داواکارییەکانی تاران بۆ هاتوچۆی پارێزراو لە گەرووی هورمز و چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە تەواوی ناوچەکە، بەتایبەت لە لوبنان، مافێکی ڕەوایە و زیادەڕەوی تێدا نەکراوە.

 

هەروەها نیگەرانیی وڵاتەکەی دەربڕی لەوەی کە لایەنی ئەمریکی هێشتا بە عەقڵییەتێکەوە مامەڵە دەکات کە "ئیسرائیل" دروستی کردووە، و بەردەوامە لە سەپاندنی تێڕوانینە تاکلایەنەکان و داواکارییە نالۆژیکییەکانی بەسەر ناوچەکەدا.

125 جار خوێندراوەتەوە