سیپان حەمۆ،
یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵات ڕایدەگەیەنێت؛ پرۆسەی
یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو وەزارەتی بەرگریدا دەستی پێکردووە و چوار
لیوای کوردی لە ناوچەکانی کۆبانێ، حەسەکە، قامیشلۆ و دێرک پێکدەهێنرێن، هاوکات
جەخت لە گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان و چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی کورد
دەکاتەوە.
لە
چاوپێکەوتنێکدا، سیپان حەمۆ ئاماژەی بەوە کرد کە کار دەکرێت بۆ دانانی پەیڕەوێکی
ناوخۆیی بۆ سوپایەکی یەکگرتوو، لەگەڵ چارەسەرکردنی هەردوو دۆسیەی دەستگیرکراوان و
شەهیدان لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا.
ڕەتیشیکردەوە لیوای کوردی لە عەفرین لە
دەرەوەی دەستپێشخەریی تێکەڵکردنەوەی شەڕڤانان پێکبهێنرێت و ئاشکرای کرد کە قۆناغی
داهاتوو تیشک دەخرێتە سەر تەواوکردنی پێکهاتەی سوپا و کۆتاییهێنان بە گرووپەکان.
سەبارەت بە
پرسی ئاوارەکان، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا ڕایگەیاند کە دەوڵەت بڕیاری داوە
سەرجەم ئاوارەکان، بەتایبەت دانیشتووانی عەفرین، بگەڕێنێتەوە سەر ماڵ و حاڵی
خۆیان. ڕوونیشیکردەوە کە دانیشتووانی عەفرین، کە زۆریان لە ڕیزەکانی هێزەکانی
سوریای دیموکراتدا دژی داعش جەنگاون، مافی خۆیانە بگەڕێنەوە و دەتوانن لە
چوارچێوەی ناوچەکەی خۆیاندا بچنە ناو پێکهاتە سەربازییەکانی سوپای سوریاوە، یان
بژاردەی بەردەوامنەبوون لە خزمەتی سەربازی هەڵبژێرن.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، حەمۆ جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی کورد لە سوریا بەندە بە
دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانیان، بۆیە پێویستە خەبات لە هەردوو بەرەی یاسایی
و دەستووریدا بەهێزتر بکرێت. وتیشی: "لە سەردەمی حوکمڕانیی حزبی بەعسدا، کورد
بواری نەدەدرا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە خۆی ڕێکبخات یان نوێنەرایەتیی خۆی بکات،
بەڵام ئەمڕۆ خاوەنی دەرفەتێکی ڕاستەقینەین بۆ بەدەستهێنانی نوێنەرایەتییەکی
دادپەروەر و کاریگەر، کە ئەمەش هاوبەشی لەگەڵ برا سوریاکانمان دەچەسپێنێت و دەرگا
بەڕووی هەر فۆرمێکی نوێی ستەمکاریدا دادەخات."
62 جار خوێندراوەتەوە