دوای بڕیارەکەی ئێران؛ عێراق پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتەکەی لە گەرووی هورمز خێرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:02 - 06/04/2026
جیهان
+
-

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، داوای لە کڕیارانی نەوتی وڵاتەکەی کردووە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا خشتەی بارکردنی نەوتەکەیان ڕادەست بکەن. ئەم هەنگاوە دوای بڵاوبوونەوەی چەند ڕاپۆرتێکی میدیایی دێت کە ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران عێراقی لە هەر جۆرە سنووردارکردنێکی هاتوچۆی نەوت لە گەرووی هورمز بەدەر کردووە.


بەپێی نوسراوێک کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە و مێژووەکەی بۆ 5ی نیسان دەگەڕێتەوە، کۆمپانیای (سۆمۆ) ڕایگەیاندووە: "بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی و جێگیریی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاو، داوا لە کۆمپانیاکان دەکەین لە ماوەی 24 کاتژمێردا خشتەی بارکردنی نەوت پێشکەش بکەن، تاوەکو بتوانین لە کاتی گونجاودا کار لەسەر بەرنامەی ناردنی بارەکان بکەین."


لە بەشێکی تری بەڵگەنامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە پێویستە کۆمپانیاکان بە وردی ناوی کەشتییەکان و بڕی ئەو نەوتەی لە گرێبەستەکانیاندا هاتووە دیاری بکەن، ئەمەش بە جۆرێک کە بەتەواوی لەگەڵ مەرج و ڕێککەوتنە واژۆکراوەکاندا بگونجێت.

31 جار خوێندراوەتەوە