سەرچاوەیەکی حکومی لە بەغداد، ئەمڕۆ یەکشەممە، هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراقی بۆ ئەم مانگە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، دواکەوتنەکە تەنها پەیوەندی بە ڕێکارە کارگێڕییەکانەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە کەمیی نەختینەی داراییەوە نییە
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پشووە درێژەکانی جەژنی ڕەمەزان و پاشان ڕاگەیاندنی پشووی فەرمی بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە، بوونەتە هۆی پەککەوتنی دەوامی دامەزراوەکان و دواکەوتنی وردبینی و ڕێکارە هونەرییەکانی پەیوەست بە خشتەی مووچە
جەختیشی کردەوە کە سەرجەم تەرخانکردنی داراییەکان بەردەستن و حکومەت تووشی هیچ کورتهێنانێک نەبووە
بەپێی زانیارییەکان وەزارەتی دارایی دەستی بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچە کردووە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا مووچەی زۆرینەی فەرمانبەران دابەش دەکرێت ، تاوەکو دوو ڕۆژی داهاتووش سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان مووچەکانیان وەردەگرن
ئەم ڕوونکردنەوەیەی حکومەت لە کاتێکدایە کە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرابووەوە دواکەوتنی مووچە بەهۆی نەبوونی پارەی کاش (نەختینە) بووە، بەڵام سەرچاوەکان ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە.
230 جار خوێندراوەتەوە