سۆمۆ: هیچ ئاگادارکردنەوە و هەڕەشەیەکمان لە ئەمەریکاوە پێنەگەیشتوە

KNN : Kurdish News Network
09:46 - 23/02/2026
عێراق
+
-

دوای دەنگۆی سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی نەوتییدا لە ئەگەری بەردەوامی مالیکی، کۆمپانیای نەوتیی سۆمۆ ڕەتیدەکاتەوە هیچ ئاگادارییەکان لە ئەمەریکاوە پێگەیشتبێت و دەڵێت ئمێە بەپێی میکانیزمەکانی خۆمان کاردەکەین و لێکتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە.

 

هەواڵ:KNNC


کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق-سۆمۆ ڕەتیکردەوە هیچ ئاگادارکردنەوە و هەڕەشەیەکی فەرمی سەبارەت بە سەپاندنی سزاکان لەلایەن ئەمریکاوە پێگەیشتبێت.

لەوبارەیەوە عەلی نزار شەتڕی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند، "هیچ شتێکی فەرمیمان پێنەگەیشتوە سەبارەت بە بوونی سزاکانی ئەمریکا، پشت بە بەڵگەنامە فەرمییەکان و پەیوەندییەکان دەبەستن و پشت بەو لێدوانانە نابەستین کە لێرە و لەوێ دەدرێن". ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموو لێکتێگەیشتن و گفتوگۆکان، لەنێویاندا لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئاماژەن بۆ دروستی ئەو میکانیزم و بەڵگەنامە و تۆمارانەی کە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە پەسەندکراون".

 

بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوەشدا، کۆمپانیاکە میکانیزمی وردی کۆنترۆڵکردن بەسەر هەموو تانکەرەکاندا دەسەپێنێت کە دەچنە ناوچە ئاویی و وشکانییەکانی عێراقەوە، ڕۆژانە ڕاپۆرت بڵاودەکاتەوە کە وردەکاریی سروشتی ئەو تانکەرانە و شوێنی مەبەستیان دەخاتە ڕوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئاساییشی و لایەنە پەیوەندییدارەکانی دیکەدا.
ڕوونیشیکردەوە کە ڕێکارەکان سودی تەواو بە دڵنیایی یەکییەتی کاری کۆمپانیاکە و بودجەی عێراق دەگەیەنن، هەروەها عێراق بووەتە هەناردەکارێکی سەرەکی بەرهەمە نەوتییەکان و یەکێک لە کێبڕکێکارانی کەرتەکە.

 

ئەوەش دوای ئەوەدێت کە پێشتر وا بڵاوکرابوویەوە کە ئەمەریکا عێراقی ئاگادارکردوەتەوە لەوەی کە ئەگەر مالیکی بەردەوام بێت لە پێداگریی لەسەر بوونە سەرۆکوەزیران و عێراق نەیکشێنێتەوە، ئەوا کەرتی نەوتیی یەکێک دەبێت لەو کەرتانەی کە ئەمەریکا سزای بەسەردا دەسەپێنێت...

 

89 جار خوێندراوەتەوە