عوسمان بایدەمیر دەڵێت با هەموو دنیا بزانێت
ئەوەی بەسەر کوردی ڕۆژئاوا دێت بە دەستی تورکیایە نەک سوریا، داگیرکەرانی کورد
هێندە نەخۆشن کە نایانەوێت کورد بە هیچ جۆرێک بوونی هەبێت، لە کاتێکدا ئێمە تاکە
میللەتی ناوچەکەین کە دەستمان بە خوێنی کەس سور نییە و ئێستە ناچارین دراوسێیەتی
ئەوانە بکەین.
هەواڵ:KNNC
عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری دیاری کورد
ڕایگەیاند: ئەو دۆخەی ئێستا هەیە بۆ کورد هیچ نامۆ نییە، بە درێژایی بوونیان داگیرکەرانی
کورد هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی کوردیان داوە، لە کاتێکدا ئەوان لەسەر خاک و ئاوی
ئێمەن و نایانەوێت کورد هیچ جۆرە بوونیکی هەبێت، ئەوان نەخۆشن و هەمیشە ویستویانە
لەسەر سڕینەوە و لەناوبردنی کورد خۆیان بنیادبنێن.
سیاسەتوانە کوردەکە وتیشی، با هەموو دنیا
بزانێت ئەوەی ئێستا بە ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت تورکیایە نەک سوریا چونکە تورکیا
بڕیاردەری هەموو ئەوانەیە کە لەوێ دەگوزەرێت.
عوسمان بایدەمیر وتیشی، کورد هیچ کات کەسی بە
دوژمن نەبینیوە، ئەوە ئەنقەرە و دیمەشق و بەغداد و تارانن کە هەمیشە کوردیان وەک
دوژمن بینیوە، لەسەر خاک و ئاوی خۆمان ناهێڵن بژین ئەوان ئەنفال و هەڵەبجەیان بەسەر
ئێمەی کورد هێنا لەکاتێکدا هیچ تاوانێکمان نەبوو، بە ناوی ئایینەوە هەموو شت بەرامبەر کورد دەکەن لە کاتێکدا ئێمە زۆرینە مسوڵمانین نوێژە دەکەین پابەندی ئایینیمان هەیە.
وتیشی، کورد تاکە میللەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و
ناوچەکەیە کە دەستی بە خوێنی کەس سور نییە، ئێمە هەموو بوون و نەریتمان بە درێژایی
مێژوو جیاوازبووە لەوان، ئێمە ناتوانین لەسەر سفرەیەک پێکەوە نانبخۆین و
نانخواردنەکەمان لەوان جیاوازە، ئێستا چۆندەتوانین تێکەڵیان ببین؟ "بەداخەوە
کە ناچارین لەگەڵ ئەمانە ژیان بکەین و دراواسێیان بین"
عوسمان بایدەمیر لەبارەی برایەتی گەلان و
پێکەوییش وتی، کورد هەموو کەس بە دۆست و برا دەزانێت بەڵام ئەوانن کە کوردیان
ناوێت، ئێمەش پێداگرین لەسەر کوردستانیبوونمان، نە لەوان زیاترین نە لەوانیش
کەمترین هەر مافێک بۆ ئەوان هەبێت بۆ ئێمەش هەیە و ناتوانن هیچ شتێکمان لێزەوت
بکەن...
104 جار خوێندراوەتەوە