ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات
(هەسەدە) ڕایگەیاند، حکومەتی دیمەشق سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، سەرقاڵی کۆکردنەوەی
هێز و ئامادەکارییە بۆ هەڵگیرساندنی خولێکی نوێی شەڕ لە ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانێ.
هەواڵ: KNN
لە بەیاننامەیەکدا هەسەدە ئاشکرای کرد کە جووڵەی سەربازی و لۆجستی گوماناوی لەلایەن هێزەکانی
حکومەتی سووریاوە بەدی کراوە، کە ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە هەر ئەمڕۆ هێزەکانیان لە ناوچەی جەزیرە
ڕووبەڕوی دوو هێرشی جیاواز بونەتەوە، کە ئەوەش وەک پێشێلکارییەکی ڕاشکاوی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەقەڵەم دراوە.
هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان تا ئێستا
پابەندی بنەماکانی ئاگربەست بون، بەڵام ڕەفتارەکانی دیمەشق دەریدەخەن کە نیازی چارەسەری
سیاسییان نییە و دەیانەوێت ناوچەکە بەرەو پێکدادانی سەربازی بەرن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات
داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، فشار بخەنە سەر حکومەتی
دیمەشق بۆ ئەوەی پابەندی ئاگربەست بێت و ڕێگری لە هەر هەنگاوێکی تێکدەرانە بگرن کە
ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە
228 جار خوێندراوەتەوە