خشتەی موچە بڵاوکرایەوە و لە دوای نیوەڕۆی سبەینێوە موچە دابەشدەکرێت

KNN : Kurdish News Network
02:50 - 28/12/2025
کوردستان
+
-

خشتەی موچە بڵاوکرایەوە و وەزارەتی داراییش دەڵێت بەیانی بەیانیییەکەی موچە دابەشناکرێت و لە سێ ڕۆژدا تەواوی موچەخۆران موچەکانیان وەردەگرن.


هەواڵ:KNNC

 

پاش ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە نۆسەد و 42 ملیار دیناری وەک موچەی مانگی تشرینی یەکەم-10 خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، وەزارەتی دارایی خشتەی موچەی بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاگەیەندراوەکەدا، لە سێ ڕۆژدا موچەی تەواوی وەزارەت و دەستەکان دابەش دەکرێت.

 

دووشەممە؛ خانەنشینی شارستانی و پێشمەرگە، زیندانیانی سیاسی، بەرکەوتوانی کیمیاباران، شەهیدان و ئەنفالکراوان، پەروەردە، تەندروستیی، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی.


سێشەممە؛ موچەی دەستەی مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکیی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەریم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم، دیوانی چاودێری و دارایی، خاونپێداویستی تایبەت، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دارایی و ئابوریی، ناوخۆ، داد، ئەنجومەنی دادوەریی، پلاندانان، بازرگانیی و پیشەسازیی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانیی و گەشتوگوزار، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیریی و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگریی فریاکەوتن، سەرۆکایەتییەکانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان، دابەشدەکرێت.

 

دواڕۆژی دابەشکردنی موچەش کە چوارشەممەیە، موچەی دیوان و لیواکانی پێشمەرگە، یەکەی 70 و 80، پۆلیسی نەوت، ئەنجومەن و دەزگای ئاساییش دابەشدەکرێت.

 

لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی دارایی و ئابوریی ئاگاداری داوەتە موچەخۆران لەوەی سبەینێ لەدوای نیوەڕۆ و پاش کاتژمێر 01:00ی نیوەڕۆ بچن بۆ وەرگرتنی موچەکانیان، چونکە بانک پارەی تێدا نییە و تا پارەکە دەکرێتە کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی و دواتریش تا بەسەر بانکەکەندا دابەشدەکرێت کاتی دەوێت، هەر بۆیە موچەخۆران دوای نیوەڕۆ سەردانی بانکەکان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی موچەکانیان...

1056 جار خوێندراوەتەوە