ڕاپۆرتی لیژنەی
لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر خرایەڕوو هێرشکەران بە لە یاسادەرچوو ناسراو
دانراون و هەندێکیان داواکراوبوو، وە سەرجەم تاوانباران ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی
دەکرێنەوە.
هەواڵ:KNNC
پاش هێرشەکەی 26ی مانگی
ڕابردووی سەر کۆرمۆر و پێکهێنانی لیژنەی هاوبەشی نێوان هەرێم و ناوەند، ڕاپۆرتی
لیژنەکە دوای شەش ڕۆژ خرایەڕوو،
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا
ڕایگەیاند: پاش دواییهاتنی ڕاپۆرتەکە، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بە
سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆبوونەوە و
ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەکەیان تاوتوێ کردووە و پەسەندکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەکە، هێرشەکە لە رێگەی دوو درۆنەوە ئەنجامدراوە و
یەکێکیان بەر کێڵگەکە کەوتووە و دووهەمیان لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە،
هەردوو درۆنەکەش لە باشوری کێڵگەکە واتە لە خورماتوەوە ئاڕاستەکراون.
لەبارە بکەرانی هێرشەکە، ئاماژە بەوەداروە، هێرشکەران لەیاسا دەرچوون
و هەندێکیان داواکراوبوونە، هەروەها ئێستا هەوڵيکانی دەستگیرکردنی سەرجەمیان
بەردەوامە و پاش ئەوە ڕووبەڕووی ڕێکار و سزای یاسایی دەکرێنەوە.
هاوکات گرتنەبەری چەند رێوشێنێکی ئاڕاستەی هەردوو حکومەتی هەرێمی
کوردستان و ناوەند کردوە، کە ئەمانەن:
* بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان لە کەرتی
ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی سەلاحەدین بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەکی ئەمنی و
بەردەوامیدان بە هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنیی و هەواڵگری و هێزەکانی ناوچەکە، وە
دڵنیاییدنا لە بوونی سەرکردایەتییەک.
* فەرمانکردن بە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و دەستەی
حەشدی شەعبی بە گۆڕینی فەرماندەکانیان لەو ناوچانە بە فەرماندەی بەتوانا.
* پەرەپێدان و بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندیی
هەواڵگری لەنێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی فیدراڵ و هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستان.
* وەزارەتی بەرگری سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە
هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کێڵگەکە دابین بکات و بیپارێزێت.
* تووندکردنەوەی رێکارەکانی بەکارهێنان و
گواستنەوەی درۆن بە هەموو جۆرەکانییەوە، کە دەبێت بە رەزامەندیی فەرمی لایەنی
پەیوەندیدار بێت.
*داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بکرێت کە
لیژنەیەک لەگەڵ ئاژانسە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان پێكبهێنێت بۆ بەدواداچوونی
لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لە بەردەوامی کاری لیژنەکە کراوەتەوە تا
گەیشتن بە سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە هێرشەکە تێوەگلاون، کە سەروەریی عێراق و
سامانە ئابوورییەکەی بە ئامانج گرتووە، ئاماژەوە بەوەشکراوە، کە ئەوە کارێکی
تیرۆریستیی مەترسیدارە بە مەبەستی لێدان لە هەوڵەکان بۆ هێنانە کایەی سەقامگیریی
ئەمنی و ئابووری، و ئەم کارە تیرۆریستییە بەبێ سزادانی بکەرانی تێناپەڕێت و
رێوشوێنی یاسایی تووند لە دژیان دەگیرێتەبەر...
105 جار خوێندراوەتەوە