بزوتنەوەی گۆڕان بە پشتن بەستن بە ڕاپرسییەکان و وەرگرتنی بۆچونی کەسایەتییەکان
هەڵوێستی خۆی لەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق ڕاگەیاند و داوا لە هاوڵاتیانی
هەرێم دەکات بایکۆتی هەڵبژاردنەکە بکەن و لە ناوچە جێناکۆکەکانیش دەنگ بەو کاندیدە
کوردانە بدەن، لەپێناو کوردستانیەتی ئەو ناوچانە و بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییەکان
خەباتی پەرلەمانی دەکەن.
 
 
رۆژی دووشەممە (٣ی ١١ی ٢٠٢٥)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ تاوتوێکردنی
دۆخی سیاسیی و بڕیاردان لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
کۆبووەوە.
 
 
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبونەوەکە، بە پشت بەستن بە ئەنجامی ڕاپرسی ناو گۆڕانخوازان
و وەرگرتنی بۆچونی ژمارەیەک کەسایەتی دیار، هاوکات ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەی جڤاتی گشتی،
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم، بایکۆتی هەڵبژاردن
بکرێت و ئەنجام و ئاکامەکانی بخرێتە ژێر پرسیارەوە. لەبارەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانیش،
وەک بەرپرسیارێتیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی، هانی دەنگدەرانمان دەدەین بەشداریی هەڵبژاردن
بکەن و دەنگ بەو کاندیدە کوردانە بدەن، لەپێناو کوردستانیەتی ئەو ناوچانە و بەرگریکردن
لە مافە نەتەوەییەکان خەباتی پەرلەمانی دەکەن.
 
 
دەشڵێت: هەڵبژاردنی ئەمجارە ڕەنگدانەوەی خواستی ڕاستەقینەی دەنگدەران
نییە، بەتایبەت، کە پارە و چەک و پەیوەندییە ئیقلیمییەکان، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە ڕەنگڕێژکردنی
ئەنجامەکان دەبینن، ئەمەش بەردەوام ئاڵوگۆڕی ڕووکەشانەی دەسەڵاتی سیاسیی لێکەوتووەتەوە.
لەو ڕوانگەیەوە، ئەزمونی دیموکراسی و هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبەردەم شکست و بێ متمانەیی
دەنگدەرە.
 
 
داوا لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و هاونیشتمانیان دەکەین، بەشداری
هەڵبژاردن نەکەن، ئەم هەڵوێستەش گوزارشتە لە واقعێکی تاڵ لەشکستی پڕۆسەی سیاسی و نەمانی
متمانەی گشتی، کە پێویستی بە هێنانەدی شێوازێکی نوێی کاری سیاسی هەیە.
بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەکات بۆ ئەوەی چیتر «هەڵبژاردن» نەبێتە شانۆگەری
سەرکەوتنی کاستی دەسەڵاتدار و نائومێدی زیاتر بۆ بەرەی ناڕازی و خەڵک؛ بانگەواز لە
هەموو لایەنە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەستەبژێری سیاسیی و ئەکادیمی و
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی دەکات کە پێکەوە بەرەی بایکۆت پێکبهێنین و لەو ڕێگەیەوە
نوێنەرایەتی «بەرەی بایکۆت» بکەین. 
                
 
              459 جار خوێندراوەتەوە