لەسەر دواکەوتنی خشتەی بودجەی گشتی لێپرسینەوە لە سودانی دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
04:00 - 16/09/2025
عێراق
+
-

ئەنجومەنی باڵای دادوەری نامەیەکی فەرمی ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد سەبارەت بە دواکەوتنی حکومەت لە پێشکەشکردنی خشتەکانی بودجەی گشتی و دواکەوتنەکەی بە پێشێلکردنی دەستور و یاسا دەزانێت وداوای لێپرسینەوە لە سودانی دەکات.

 

هەواڵKNN

ئاژانسی هەواڵی شەفەق نیوز بڵاویکردوەتەوە کە ئەنجومەنی باڵای دادوەری  دواکەوتنی حکومەت لە پێشکەشکردنی خشتەکانی بودجەی گشتی، بە پێشێڵکردنی دەستور و یاسا دەزانێت و هەر بۆیەش دەسەڵات دەداتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکوەزیران.

لە نوسراوەکەدا کە بەرواری 19ی ئەیلولی 2025 و واژۆی دادوەر نەجم عەبدوڵا ئەحمەد، داواکاری گشتی لەسەرە، ئاماژە بەوە دەکات کە داواکاری گشتی داوای لێپرسینەوەکەی لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا خەلیل ئەلکەراوییەوە پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران کردوە، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو پەرلەمانتارە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لێپرسینەوە لە حکومەت وسەرۆکوەزیران بکات سەبارەت بە هۆکارەکانی دواکەوتنی پێشکەشکردنی بودجە.

ئاژانسەکە لەسەر زاری پەرلەمانتارێکەوە بڵاویکردوەتەوە کە داواکاری گشتی نوسراوێکی فەرمی ناردوە و پشتڕاستیکردوەتەوە دواکەوتنی حکومەت لە خستنەڕوی خشتەکانی بودجە "هەڵەیە و پابەندنەبونە بە دەستور".

ئاماژەی بەوەشداوە کە واژۆی ئەندامانی پەرلەمانی کۆکراوەتەوە بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆکوەزیران، و لیژنەی لێپرسینەوە لە کارنامەی پەرلەمان پەسەندی کردوە، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان تا ئێستا رەتیکردۆتەوە لێپێچینەوەکەی محەمەد شیاع سودانی ، سەرۆکوەزیرانی عێراق بخاتە بەرنامەی کار.

123 جار خوێندراوەتەوە