سەرۆکی
ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر ئاشتیی لە ئۆکراینا
فەراهەم بکرێت، پێویست بە سەربازانی بیانی نابێت و، ڕایگەیاند: "بە تایبەتی
ئێستا لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکاندا، ئەگەر ھەر ھێزێک لەوێ جێگیر بکرێت،
وا دایدەنێین ئەمانە دەبنە ئامانجی ڕەوا".
لە میانی بەرێوەچونی
دانیشتنی سەرەکی کۆڕبەندی ئابووریی ڕۆژھەڵات کە لە شاری ڤلادیڤۆستۆک-ی
ڕووسیا سازکرا، پوتین وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە دژی ئەندامێتیی ئۆکراینا نین لە یەکێتیی ئەورووپا، ئەوە بە ھەڵبژاردنێکی
ڕەوا دادەنێن، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە ڕووی ئاسایشی ڕووسیاوە دژی
ئەندامێتی ئەو وڵاتەن لە ناتۆ.
هەروەها پوتین دووپاتیکردەوە ئامادەن
لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی کۆببنەوە و، ڕایگەیاند: "مۆسکۆ باشترین شوێنە بۆ
کۆبوونەوە. سەدا سەد گەرەنتی ئاسایشییان دەکەین. ئەگەر بۆ کۆبوونەوە داوای
شوێنێکی دیکە بکەن، ئەوا ئەمە بە داواکارییەکی زۆری دەبینین".
سەرۆکی
ڕووسیا ئەوەیشی خستەڕوو کە ئۆکراینا تا ئەم ماوەیەش ڕەتی
کردووەتەوە دیداری لەگەڵ ڕووسیا ھەبێت، بەڵام ئێستا داواکاری بۆ دیدار
ھەیە.
پوتین باسی لەوە کرد کە سیستمی دادوەری لە ئۆکراینا ڕووخاوە و،
گوتی: "پێموا نییە کیێڤ خاوەنی ئیرادەیەکی سیاسیی بێت بۆ گفتوگۆ کردن.
تەنانەت ئەگەر ھەبێت، ئاستەنگە یاسایی و تەکنیکییەکان بوونیان ھەیە. بەپێی
دەستووری ئۆکراینا، پێویستە ڕێککەوتنەکانی خاک لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە پەسەند
بکرێن، بەڵام بۆ ئەمە پێویستە باری نائاسایی ھەڵبوەشێندرێتەوە".
سەبارەت
بە ھێزە سەربازییە بیانییەکان کە ڕەنگە لە چوارچێوەی گەرەنتییەکانی
ئاسایشدا لە ئۆکراینا جێگیر بکرێن، پوتین ڕایگەیاند: "ئەمە لەنێو ھۆکارە
سەرەکییەکانی ڕاکێشانی ئۆکراینایە بۆ ناو ناتۆ. لەبەرئەوە بە تایبەتی ئێستا
لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکاندا، ئەگەر ھەر ھێزێک لەوێ جێگیر بکرێت، وا
دایدەنێین ئەمانە دەبنە ئامانجی ڕەوا".
482 جار خوێندراوەتەوە