مەسرور بارزانی نیگەرانی قوڵی خۆی بەرامبەر ڕوداوەكانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی دەربڕی

KNN : Kurdish News Network
06:06 - 03/09/2025
کوردستان
+
-

ئەمڕۆ چوارشەممە  بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی  سەرۆکی  حكومەتی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگرەكەی ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 

هەواڵ:KNN

بەپێی راگەیەنراوێكی  ئەنجومەنی وەزیرانی  هەرێم لە سەرەتادا، مەسرور بارزانی  بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد ( دروودی خوای لە سەر بێت) لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان کرد و هیوای خواست ئەم یادە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئاشتی و ئارامی بۆ هەمووان.

 

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حكومەت نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی دەربڕی، کە بەداخەوە بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کەس ، سەرۆک وەزیران پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە کێشە و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی یاسا چارەسەر بکرێن .

 

بەپێی هەمان راگەیەنراو سەرۆکی حكومەت داوای لە جێگرەكەی کردوە کە ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕووداوەکان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بخاتەڕوو.

 

 

دواتر ڕێڕەوی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، دەربارەی دۆسیەی پۆلێن ودەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، و دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و لەیەکترگەیشتن و کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکان.

 

 

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە لیژنەی دانوستانکاری هەرێم کە دڵسۆزانە ئەرکی خۆیان بەجێگەیاندووە بۆ داکۆکیی لە مافی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێم، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانووستانکاری ڕاسپارد کە لە کۆبوونەوەکانی سبەینێیان کە وا بڕیارە لە بەغدا لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی ئەنجام بدرێت، بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان و پەلە بکەن لە گەیشتن بە چارەسەری گونجاو لە پێناوی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، بە تایبەتیش کە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای سۆمۆ، کۆنووسی هاوبەشی پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتیان واژۆ کردووە، و ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، بە زیادەوە کارئاسانی پێویست کراوە بۆ لابردنی بەربەستەکان، و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ گەیشتنەوە بە ئاستی بەرهەمهێنانی پێش هێرشە تیرۆریستەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێم.

 

94 جار خوێندراوەتەوە